ھەولێر -KDP.info - بەڕێوەبەری بەرھەمھێنان و گواستنەوەی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی "پڕۆژەی ڕووناکی لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی خێرا جێبەجێ دەکرێت، ئێستا ٤٠%ی جێبەجێ کراوە و بەردەوامیشە، تاوەکو کۆتایی ساڵی داھاتوو لە تەواوی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و حەوت ھەزار موەلیدە دەکوژێنەوە."
فارس میرخان محەمەدئەمین، بەڕێوەبەری بەرھەمھێنان و گواستنەوەی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "پڕۆژەی ڕووناکی لە ھەرێمی کوردستان زۆر بە خێرایی جێبەجێ دەکرێت و بووەتە ھۆی ئەوەی بارگرانی لەسەر کارەبا کەمبێتەوە، چونکە کەم سەرفکردنی کارەبا لۆدی سەر وێستەگاکانی کارەبا بەڕێژەی نزیکەی ٤٠% کەمدەکاتەوە، لۆدیش کەمبێت سووتانی محاویلە کەم دەبێتەوە، ئێستا ٤٠%ی پڕۆژەکە جێبەجێ کراوە و ٢ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار ھاووڵاتی سوودیان لێی وەرگرتووە، دەکاتە ٧١٦ھەزار ھاوبەش، پڕۆژەکەش بەردەوامە، ئێستا لە ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ھەڵەبجە بەردەوامە."
فارس میرخان محەمەدئەمین گوتیشی "ئەو کارەبایەی بەردەستمان بەشی ئەوە دەکات کارەبا بکرێتە ٢٤کاتژمێریی.
پڕۆژەی دیکەشمان ھەیە، دانەغاز کار دەکات بۆ بەرھەمھێنانی ھەزار و ٥٠٠ مێگەوات کارەبا، تا مانگی سێی ساڵی داھاتوو تەواو دەبێت، بۆیە ھیچ گرفتێک بۆ جێبەێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی دروست نابێت، ئەو پلانەی دانراوە، وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت."
دەشڵێت "تاوەکو ئێستا ٢ھەزار و ٥١٧ موەلیدە بەھۆی پڕۆژەی ڕووناکی کوژاونەتەوە، کە دوکەڵیان بەرامبەر بە دووکەڵی ٤٦٥ ھەزار ئۆتۆمبێلە، تا کۆتایی پڕۆژەکە حەوت ھەزار موەلیدە لە ھەرێمی کوردستان دەکوژێنەوە و کارەبا لە ھەرێمی کوردستان بەتەواوی دەبێتە ٢٤ کاتژمێریی."
بڵند ئیبراھیم