Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە ئاکرێ گەڕەکە کۆنەکان نۆژەن دەکرێنەوە و دەکرێنە شوێنی گەشتیاریی شوێنەواری

ئاکرێ-KDP.info- بەڕێوەبەری شوێنەواری ئاکرێ ڕایگەیاند، گەڕەکە کۆنەکانی ئاکرێ کە مێژوویان بۆ پێش٧٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە نۆژەن دەکرێنەوە و دەکرێنە شوێنی گەشتیاریی شوێنەواری. 

شیمال سورچی، بەڕێوەبەری شوێنەواری ئاکرێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "دوای ئەوەی لە ئاکرێ کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو، بۆ ئەوەی گەڕەکە کۆنەکانی ئاکرێ نوژەن بکرێنەوە، کە مێژوویەکی کۆنیان ھەیە و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە ھەیە و بۆ ٧٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێنەوە، بۆیە بڕیارە نزیکەی ٥٠ خانوو لەسەر شێوازی خۆی و بە ھەمان کەرەستەی بەکارھاتوو نۆژەن بکرێنەوە و ببێتە شوێنێکی گەشتیاریی شوێنەواریی گرنگ و خەڵک سەردانیان بکات." 

شیمال سورچی گوتیشی، "جگە لەوە پارکێکی وەستانی ئۆتۆمبێلیش دروست دەکرێت بۆ ئەوە گەشتیارانەی سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن، چونکە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلی نیە، دەمانەوێ گرنگی تایبەتی پێ بدرێت چونکە بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاکرێ بۆتە پایتەختی نەورۆزیش، ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن." 

بەڕێوەبەری شوێنەواری ئاکرێ دەشڵێت، "ئاکرێ خۆی شوێنی شوێنەواریی زۆری ھەیە، زۆر لەو شوێنانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە، دەمانەوێت ئەو شوێنانەی پێویستن نۆژەنیان بکەینەوە."

 

بڵند ئیبراھیم