Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی ناردنی تووشبووانی تالاسیمیا بۆ دەرەوەی وڵات دەستیپێکرد

ھەولێر-KDP.info- لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان دەستیکرد بە ناردنی تووشبووانی نەخۆشیی تالاسیمیا بۆ وڵاتی تورکیا بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پێویست و ئەنجامدانی نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسک.

ئەمڕۆ سێشەممە ڕێککەوتی ١٩ـی ٨ـی ٢٠٢٥، یەکەم کاروانی تووشبووان کە پێکھاتبوون لە ھەشت نەخۆش و ھەشت بەخشەر، ڕەوانەی وڵاتی تورکیا کران.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "لەم قۆناغەدا کۆی گشتیی ئەو نەخۆشانەی ڕەوانە دەکرێن ١٤٠ کەسە و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت."

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بە تێچووی چارەسەرەکەش کرد و وتی: "تێچووی ھەر نەشتەرگەرییەک لەسەر ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە. ئەگەر تووشبووەکە بەخشەری ھەبێت، تێچووەکەی ٧٥ ملیۆن دینارە، ئەگەریش بەخشەری نەبێت، ٩٥ ملیۆن دینار تێچووی دەبێت."

ئەم ھەنگاوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھیوا و دەرفەتێکی نوێ بە نەخۆشانی تالاسیمیا دەبەخشێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری بنەڕەتی و باشترکردنی دۆخی تەندروستییان.