Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕاگەیەندراوی لیژنەی باڵای پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن

ھەولێر-KDP.info- بەبۆنەی کۆتایی ھاتنی پڕۆسەکە، لیژنەی باڵای پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسین لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایدەگەیەنن ھەموو زیارەتکاران لە ناو کەشێکی سەقامگیر و ئارام و بەوپەری ڕێزەوە و بە گیانێکی کوردانە و مرۆڤ دۆستانە لەلایەن حکوومەت و گەلی کوردستانەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا و ھەموویان بە ئاسودەییی بەشدارییان لە ڕێورەسمی چلەی ئیمام حوسین کرد.

دەقی ڕاگەیەندراوی لیژنەی باڵای پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسین.

لەسەر بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لە دوای دەرچوونی فەرمانی کارگێری پارێزگای ھەولێر لیژنەی باڵا بە ئەندامەتی ھەموو وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە ڕووی ئەمنی و تەندروستی و گواستنەوە و شوێنی مانەوە و پشوودان بە ھەموو پێداویستییەکانەوە بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن بۆ ساڵی (٢٠٢٥) بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی ئێرانی و بیانی دەست بە ئامادەکارییەکانی کرد.

ڕێکخستن و دامەزراندنی چوار وێستگەی مانەوە و پشوودان و پێشوازیکردن لە زیارەتکاران لە (دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، کانی ماران، پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر، بازگەی شێراوە). دابینکردنی پێداویستییەکانی ھەر چوار وێستگەکان لەلایەن (دەزگاری خێرخوازی بارزانی) بە ھەموو پێداویستییەکانی و دابینکردنی پارەی کرێی پاسەکانی گواستنەوەی ھاتن و چوونی زیارەتکاران لەلایەن (سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان) لە حاجی ئۆمەران بۆ ھەولێر و دووبارە لە ھەولێر بۆ حاجی ئۆمەران، و ھەروەھا کرێی گواستنەوەی بەشێکی زیارەتکاران لە ھەولێر بۆ نەجەف و کەربەلا و دووبارە گەڕانەوەیان بۆ ھەولێر. 

جێگیرکردنی تیمەکان و لیژنەکانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بەپێی پسپۆری ئەرکەکانیان بە ستافێکی شارەزا و کاراو بەشەو و ڕۆژ لەم دامودەزگایانەی خوارەوە: (دەزگای خێرخوازی بارزانی - فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کاروباری ئێران - ناوەندی ھەماھەنگی قەیرانەکان - دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران - گواستنەوە - ئاسایش - پۆلیس - پاسپۆرت  - پۆلیسی گومرگ -  ئاسایشی بازگەکان - نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکان - پۆلیسی چالاکی مەدەنی - گومرگ - پۆلیسی ھاتووچۆ - پاسەوانی سنوور - تەندروستی - بەرگری شارستانی - گەشتوگوزار - شارەوانی - ژینگەپارێزی).

دانانی (٥٧) دانە کۆمپیوتەری پاسپۆرت لە دەروازەی حاجی ئۆمەران بۆ خێرا ڕاپەراندن وھامووشۆی پاسپۆرتی زیارەتکاران. ئامادەکردنی (٣٣٠٠) پاس و کۆستەر و راف و ئوتوبوس بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران لەلایەن گواستنەوەی پارێزگای ھەولێر و گواستنەوەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و سەرپەرشتی و ڕێنماییی کردنیان بە ھەماھەنگی لەگەڵ نووسینگەکانی گواستنەوەی ناوخۆیی ھەر لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران تا کەربەلا بە دوو قۆناغ و دووبارە گەڕاندنەوەیان.

پڕۆسەی ھاتنی زیارەتکاران بە شێوەی ڕەسمی لە ڕۆژی (٣٠-٧-٢٠٢٥) دەستێپیکرد و لە (١٧-٨-٢٠٢٥) بەم شێوەی خوارەوە کۆتایی پێھات:

زیاتر لە (١٣٧ ھەزار) زیارەتکار لە ڕێگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە سەردانی نەجەف و کەربەلایان کرد کە جگە لە زیارەتکارانی ئێرانی، زیارەتکارانی وڵاتانی تریش وەکو وڵاتانی (تورکیا - ئازەربایجان - جۆرجیا - ڕووسیا) ھاتووچۆیان کردووە. خۆشبەختانە ھیچ ڕووداوی ھاتووچۆ و بەرگری شارستانی نەبوون. 

لە ئەنجامی ئەو ھەموو خزمەتگوزاریانەی کە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازی بارزانی و لیژنەی باڵا و تیمەکان و لیژنەکانی وێستگەکان، ئەمساڵ پێشکێشی زیارەتکارانی ئێرانی و بیانی کردیان، ھەموو زیارەتکاران لە ناو کەشێکی سەقامگیر و ئارام و بەوپەری رێزەوە و بە گیانێکی کوردانە و مرۆڤ دۆستانە لەلایەن حکوومەت و گەلی کوردستانەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا و ھەموویان بە ئاسودەییی بەشدارییان لە رێورەسمی چلەی ئیمام حوسین لە شارە پیرۆزەکانی نەجەف و کەربەلایان کرد و پاشان بە سەلامەتی بۆ وڵاتی خۆیان گەڕانەوە و لە خودای گەورە داواکارین دوعا و نزا و عباداتیان قبوول کرابێت.

ھەموو ئەندامانی لیژنەی باڵا و بەڕێوەبەر و بەرپرسی بنکەکان و سەرۆکی لیژنەکان و تیمەکان و ھەموو ستاف و کارمەندان و کارگوزاران و کرێکارانی جێگیر کراو لە ھەر چوار وێستگەکان و لە سەر ڕێگای ھاتن و چوونی زیارەتکاران لەم ماوەیەدا بە شەو و ڕۆژ ماندوونەناسانە و دڵسۆزانە ھەموو پلانەکانی خزمەتگوزاری گشتی و ئەرکەکانی لەسەر شانیان جێبەجێکرد کە بووە ھۆی ئەوەی پڕۆسەی ھاتنی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسین بە سەرکەوتووانە کۆتایی پێ بێت کە لە دڵەوە سوپاسی یەک بە یەکیان دەکەین.

 

ڕاگەیاندنی لیژنەی باڵای پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسین 

 ١٨-٨-٢٠٢٥