ئاکرێ -KDP.info- بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ دەڵێت، "بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەمەودوا ساڵانە لە ئاکرێ یادی نەورۆز دەکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش چەند پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە ئاکرێ ئەنجام دەدرێن، لە شوێنی یادکردنەوەش پەیکەری کاوەی ئاسنگەر دروست دەکرێت."
ئەمین سەلیم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "دوای ئەوەی بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاکرێ بووە پایتەختی نەورۆز، لەمەودوا بە فەرمیی ساڵانە لە ئاکرێ بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت و شاندە بیانییەکان یادی نەورۆز دەکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لەسەرێ گری کە شوێنی یادەکەیە ھەندێک گۆڕانکاری دەکرێت، بینای ڕۆشنبیری و ڕادیۆی ئاکرێ و بورجەکان لادەبرێن و ھۆڵێکی گەورە دروست دەکرێت و پەیکەری کاوەی ئاسنگەریش بەخۆی و ئامێرەکە دەستی دروست دەکرێت، وەکو ھێمایەک بۆ یادی نەورۆز."
ئەمین سەلیم گوتیشی "سەرێ گری کە ساڵانە یادی نەورۆزی لێ دەکرێت، بەشێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک ڕێک دەخرێت، چونکە ساڵانە سەرۆکی حکوومەت، شاندی حکوومی، باڵیۆز، سەرۆک و نوێنەری وڵاتان ئامادەی ئەو یادە گرنگە دەبن، بۆیە دەمانەوێت بەجۆرێک بێت شایەنی ئەو یادە بێت، ئەوەش بەبڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە."
دەشڵێت "لە قەزای ئاکرێ بۆ ڕاکێشانی گەشتیار و دابینکردنی شوێنی مانەوەی گەشتیارانیش پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتیاری لەسەر ڕووبەری ٤٤٦ دۆنم زەوی بە گوژمەی ١٥٠ملیۆن دۆلار لە بواری جێبەجێکردن دایە، لە قۆناغی یەکەم پڕۆژەکە لەسەر ڕووبەری ٨٨ دۆنم دەستیپێکراوە، ئۆتێل، مۆتێل، خواردنگە، ئەکواپارک و پارکی وەستانی ئۆتۆمبێل لەخۆ دەگرێت، کە شوێنی مانەوەی ٢ھەزار و ٥٠٠ گەشتیاری لێ دەبێتەوە، بۆیە دوای ئەوەی ئاکرێ بووەتە پایتەختی نەورۆز حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زۆری بە ئاکرێ داوە، لەڕووی گەشتیاری و چەندین پڕۆژەی دیکەش لە بواری گەشتیاری لە ئاکرێ جێبەجێ دەکرێن."
بڵند ئیبراھیم