ھەولێر-KDP.info- بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ساڵیادی لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، حزب و لایەنە کریستیانەکان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکەن.
لە پەیامەکەی لایەنە کریستیانەکاندا ھاتووە، "بەناوی ھاوپەیمانی و حزب و لایەنە کریستیانەکانەوە پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی ساڵیادی لەدایکبوونی و دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین، پارتی ئەو حزبەیە کە ناوەکەی بە مێژووی خەباتی گەلی کوردستانەوە پەیوەستە و کاری لەسەر ھاوبەشیی ڕاستەقینە لەگەڵ سەرجەم ئایین و پێکھاتەکاندا لە کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا کردووە."
ئەوەش خراوەتەڕوو، "بەم بۆنەیەوە دووپات لە شەراکەتی قووڵی مێژوویی برایەتی نێوان گەلی کورد و کریستیان و کلدان و ئاشووری و ئەرمەن دەکەینەوە کە ساڵانێکی زۆرە برا ئاسا پێکەوەژیاون و لە سایەی سەرۆک بارزانییەوە پەرە بەو برایەتییە دراوە."
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی گەورەی لە بەدەستھێنانی مافەکانی گشت پێکھاتەکاندا ھەیە بەتایبەت لە جێگیرکردنی مافی کریستیانەکان لە دوای ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ لە کوردستان و لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە بەرگریی لە کریستیانەکان کردووە و ڕۆڵی باڵای ھەبووە لە جێگیرکردنی مافی کریستیانەکان لە دەستوور کە ئەوەش کارێکی مێژووییە.
ھەر لە پەیامەکەی لایەنە کریستیانەکاندا ئەوەش ھاتووە، لە سایەی سەرۆک بارزانی، کریستیانەکان لە ھەرێمی کوردستان مافەکانیان بەدەست ھاتووە و کوردستان بووەتە پەناگەی گشت کریستیانەکانی عێراق و بۆ پێکھاتەکانی تریش بەھەمان شێوە.
لایەنەکان:
حزبی بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریان
حزبی ئەنجوومەنی نەتەوەیی کلدانی
حزبی یەکێتی دیموکراتی کلدانی
دەستەی کارگێڕی ئەرمەنەکان
کۆمەڵەی ئەرمەنی
ھاوبەندیی کلدانی
رەوتی شەلاما