سلێمانی-KDP.info- لە 79یەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر دەستی بارزانیی نەمر، باوکی رۆحیی نەتەوەی کورد و لە دایکبوونی (سەرۆک بارزانی)، پڕۆفیسۆر و مامۆستایانی زانكۆ، باس لە هۆكارەكانی گەشەكردن و پێشكەوتنی كوردستان دەكەن بە ڕێبەرایەتیی سەرۆك بارزانی و پارتی لە هەموو سێكتەرەكاندا، بەتایبەت سێكتەری خوێندنی باڵا و پەروەردە.
د. نەجیبە ئیبراهیم، یاریدەدەری پڕۆفیسۆر و شارەزای دەستووری، لە یادی 16ی ئابدا و له ڕێگهی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانهوه دهڵێت، "لە دەستبەکاربوونی حکوومەتی هەرێمەوە لە ساڵی 1991 وەک سیستمێکی کارگێڕیی نیمچە سەربەخۆ، پارتی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە داڕشتنی سیاسەتی فێرکردن و پەروەردەکردن و پاڵپشتیکردنی دامەزراوەی خوێندنی باڵا، ئەم ڕۆڵەش لە چەند تەوەرێک خۆی دەبینێتەوە، یەكەم: دروستکردن و بەرەوپێشبردنی زانکۆکان، پارتی لە ڕێگهی نوێنەرانی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا توانیویەتی کۆمەڵێک زانکۆ دابمەزرێنێت و گەشە بە زانكۆكان بدات و وەبەرهێنان لە خوێندنی باڵادا بکات لەگەڵ كردنەوەی زانكۆی ئەهلیی جیهانی.
د. نەجیبە گوتیشی، پارتی هەلی بە زانکۆکانی کوردستان بە گرێبەستكرن و هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆكانی جیهان لە ئەورووپا و ئەمەریكا و دەوڵەتانی ئاسیا داوە، ئەمەش وای كردووە گۆڕانكاریی گەورەی ئەزموونی ئەكادیمیی لێ بكەوێتەوە و قوتابیانی كورد لە زانكۆ پێشكەوتووەكانی جیهان بخوێنن، هەروەها پارتی و سەرۆك بارزانی بێوچان جەخت لەوە دەكەنەوە، وڵات ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی، پێویستە هەموو لایەنەكان هاوشانی پارتی هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی كوردستان ببێتە خاوەنی دەستوور، چونکە كوردستان دەتوانێت لە ڕێگهی نووسینەوەی دەستوورەوە كێشەكانی چارەسەر بكات.
هاوكات سیروان حەمەشەریف، مامۆستای زانكۆ و شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، لهم یادهدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دوا و گوتی، "ئەو دەوڵەتانەی دراوسێی هەرێمی كوردستانن كە پارتی فەرمانڕەوایی دەكات، تووشی گێژاوی شەڕی ناوخۆ و دەرەكی بوون و خەڵكەکەیان بەدەست برسییەتییەوە دەناڵێنن، بەڵام پارتی توانیویەتی باڵانس ڕابگرێت لە نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوا، ئەوەش بۆخۆی سەركەوتنە، پارتی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەكییەوە ڕۆڵی یاریزانێكی جوان دەبینێت و توانیویەتی پێكەوەژیانێكی جوان لە كوردستان پەیڕەو بكات.
دەشڵێ، پارتی توانیویەتی پڕۆژەی ستراتیژیی گەورەی وەك كارەبای نیشتیمانی 24 كاتژمێری، ئاو لە پایتەختی وڵات بووەتە 24 كاتژمێری، بنیاتنانی بەنداو و پۆند بنێت، عێراق كە دەوڵەتە لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە خراپه و دەیەوێت بە سیاسەتێكی ناشیرین سزای خەڵكی كوردستان بدات، كە ئەوەی پارتی و حكوومەتی هەرێم دەیكات، ئەوان پێیان ناكرێت.
هاوکات، مامۆستای زانكۆی هەڵەبجە، ناسیح حەبیب، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دهڵێت، "پارتی ڕۆڵی گرینگ و بەرچاوی هەبووە لە پێشخستنی ناوەندە ئەكادیمی و زانستییەكان و گەشەیەكی بەرچاو لە خوێندنی باڵا و دامەزراوە زانستی و پەروەردەییەكان بەدیهاتووە، لە ساڵی 1992 كوردستان تەنیا خاوەنی یەك زانكۆ بوو، کەچی ئێستا خاوەنی 20 زانكۆی حكوومی و 17 زانكۆی تایبەتە و زیاتر لە 100 هەزار قوتابیش تێیاندا بەهرەمەندن، کە ئەمەش دەرفەتی خوێندنی بۆ نەوەكانمان فەراهەم كردووە.
ناوبراو گوتیشی، لەژێر چاودێریی سەرۆكوەزیران مەسروور بارزانی، بەردەوام چاكسازی و بەرەوپێشبردن لە پەروەردە و خوێندنی باڵادا دەكرێت بۆ گەیشتن بە پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، پارتی ژێرخانی ئابووریی زانكۆكانی پتەو کردووە، وەك بینا و تاقیگە و كتێبخانە، پاڵپشتی قوتابیانی كچ و كوڕە شەهید و گشت قوتابیان بووە، هەروەها پارتی دەستی باڵای هەیە لە سیستەمی حكومڕانی هەرێمێكی سەقامگیر و پێشككەوتوودا و لە چەندین ڕووەوە پێشەنگی ناوچەكەیە بۆ ئازادیی زیاتر و برەودان بە دیموكراسیەت، پەیوەندییەكی تەندروستی جیهانی و ئیقلیمی دروست كردووە و توانیویەتی تۆكمەیی ناوخۆش بپارێزێت بە قوربانیدان بە بەركەوتەی هەڵبژاردن لە پشكی خۆیدا بۆ بەرژەوەندیی وڵات.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەشڵێ، پارتی پێویستە زیاتر چاكسازی لە وڵاتدا بكات و پلان و بەرنامەی درێژخایەنی هەبێت لە خزمەتگوزاری و سەربازی و سوودوەرگرتن لە توانا ناوخۆییەكان و پاراستنی قەوارەی كوردستان.
عەزیز ڕەسووڵ