بڵند نەوڕەس
پارتی کارەکتەرێکی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانییە، باس لە مێژووەکەی ناکەم، بەڵکو باس لە تێڕوانینی ئەوانە دەکەم کە پارتی نین و لە دەرەوەی پارتی ئێمە دەبینن.
ئەوان سەرسامن بە پارتی و ڕێکخستنەکانی و پڕۆژەکانی و سیاسەتەکانی لەسەر ئاستە هەمەجۆرەکان.
ئەوانەی بە ئاگا و مێژووناس و هەڵوێست ناسن، بە دیدێکی ڕۆشن و بە مەودایەکی فراوانتر پارتی دەبینن، ئەوان سەرەڕای جیاوازی حزبی و تەنانەت هزریشییان لەگەڵ پارتیدا، بەڵام هەڵوێستەکانی پارتی نادیدە ناگرن و ستایشیشی دەکەن، زۆر بە هێمنی و لۆژیکی گفتوگۆمان لەگەڵ دەکەن و هێشتا واقعی بەرجەستەیان لە بیروباوەڕی ئایدۆلۆژی لا گرنگترە.
ئەوان پێیان وایە تاکە هێزی سیاسی کە لە پرەنسیپی نیشتیمانی لاینەداوە پارتییە، پێیان وایە ئەو هیوایەی لە ڕابردوودا دروستبووە بۆ کورد و هیوایەک کە هەبێت بۆ داهاتوومان پارتی سەرمەشقێتی و نوێنەرایەتی دەکات.
ئەوان تێڕوانینی سیاسی وڵاتان و مامەڵەی دیبلۆماسییان لەسەر ئاستەکانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا لە سیاسەتی پارتیدا دەبیننەوە.
هەر ئەوان سەرۆک بارزانی وەک دڵنیاییەکی نیشتیمانی و کوردستانی دەبینن و ئایندەی ئەم هەرێمەشییان بە جەنابییانەوە بەستۆتەوە.
ئەوان هاوسەنگییە ناوخۆیی و ناوچەییەکانی هەرێمی کوردستان و ئارامبوونەوە و لێکتێگەیشتنەکانی بەشەکانی تری کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا بە دانایی و لێزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەزانن.
هەر ئەوانن دەڵێن، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێم، بە پشت بەستن بە دیدگای سەرۆکی حکوومەت، بە تایبەتی لە بوارەکانی ڕێگهوبان و ئاو و کارەبادا، هەرێمی کوردستانی لە قۆناغێکەوە گواستەوە بۆ قۆناغێکی باشتر و بەرزتر لە ناوچەکەدا.
هەستییان بەوە کردووە کە تاکە هێزی سیاسی خاوەن دیسپلین و تۆکمە و یەکگرتوو لە ناوخۆدا پارتییە، لە هەمان کاتدا پارتی بە خاوەنی پەیامی سیاسی هەرێمی کوردستان دەبینن بە ڕووی دەرەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
هەموو ئەمانە و زۆر بابەتی تریش دەبەستنەوە بە یەک ڕەهەندەوە، ئەویش بیرکردنەوەی ڕاست و هەنگاونانی ڕاست و ئامانج بینی ڕاستی پارتییە، کە هەڵوێستی ستراتیژی نەگۆڕی هەیە و تەکتیکی هەمە جۆریشی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکان و قۆناغەکان و پێشهاتەکاندا.
کە ئەوان پارتی وەها دەبینن، ئێمە چۆن شانازی نەکەین بە پارتی بونمانەوە.
پیرۆزبێت یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی.