Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پشتیوان سادق داوای لە کادیران کرد ماندوونەناسانە خزمەتی زیاتری خەڵکی بکەن

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ بەبۆنەی یادی (٧٩) ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێوڕسمی ڕێزلێنان لە بەرپرسانی ڕێکخراوەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر بەڕێوەچوو، لەمیانی وتەیەکدا د. پشتیوان سادق جەختی کردەوە، کە لەسەر دەستی پارتی دەستکەوتی مەزن بۆ کوردستان ھاتۆتەدی، ھەروەھا پارتی دامەزرێنەری مافی چارەی خۆنوسینی خەڵکی کوردستانە.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەبۆنەی ١٦ـی ئاب، یادی ٧٩ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامادەبوونی ھۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی و د. پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی ھەولێری پارتی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر و ژمارەیەکی دیکە لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و یاریدەدەرانی بەرپرسی مەکتەب و بەرپرسی لقەکان و وەزیر و بەرپرسانی دیکەی حزبی و حکوومی، ڕێوڕسمی ڕێزلێنان لە بەرپرسانی ڕێکخراوەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر بەڕێوەچوو، کە لە ماوەی رابردوودا بەشداریان لە خولی ڕۆشنبیر و پێگەیاندنی کادیرانی پارتی کردبوو.

لە وتەیەکدا، دکتۆر پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر تیشکی خستەسەر دەستکەوتە مەزنەکانی پارتی لە کوردستان کە ھاتۆتەدی، ھاوکات پارتی دامەزرێنەری دەستکەوتە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستان بووە، لەپێناو دیموکراسی و خەڵکی کوردستان ھەزاران شەھید خوێنی خۆیان لەم کاروانە بەخشیوەتە کوردستان، ئەمڕۆ پارتی خاوەنی پاراستنی دەستکەوتەکانە، ئەرکی سەرەکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ھێز و لایەنە نیشتیمان پەروەرەکان پاراستنی قەوارەی ھەرێمە، ھەروەھا تیشکی خستەسەر ڕۆڵی کارای کادیرانی پارتی لە ھەموو ئۆرگانەکانداو داوای لێکردن کە ماندونەناسانە خزمەتی زیاتری خەڵکی کوردستان بکەن.