ھەولێر-KDP.info- ئهمڕۆ پێنجشەممە 2025.8.14، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.هێمن میرانى، بەڕێوەبەرى گشتیى دیوانى وەزارەتى ناوخۆ و لیوا تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى پۆلیس هەرێم و لیوا دیدار عمر، بەرێوەبەری گشتیی ڕەگەزنامەی هەرێم و ژمارەیەکى تر لە ئەفسەران و پلەداران، لە ڕێورەسمیکدا، عمید كامل محمد باقر، لە شوێنى عەمید شوان عارەب، وەک بەرێوەبەرى پۆلیسى هەولێر دەستبە کاربوو.
له ڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەستخۆشى لە عەمید شوان عارەب، كە لە ماوەی کارى رابردوویدا وەك بەڕێوەبەری پۆلیس ڕۆڵی دیارى ھەبووە لە بەرقەرارکردنى یاسا و پاراستنى ئارامى و ئاسایشی شارى ھەولێر، ئەرک و کارەکانى بەرز نرخاند و هیواى سەرکەوتنی لە کارى داهاتوویدا بۆ خواست، ھەروەھا پیرۆزبایی لە عمید كامل محمد باقر، کرد وەک بەڕێوەبەری نوێی پۆلیسی ھەولێر و ھیوای سەركەوتنی لە ئەرک و کارەکانیدا بۆ خواست.
ئەوە جگە لەوەى جەخت لە هەموو پاڵپشتی و پشتیوانیەکی وەزارەتى ناوخۆ و پارێزگاى هەولێر و بەڕێوەبەرایەتى گشتیى پۆلیس بۆ بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى هەولێر کرایەوە، لە پێناو بەرقەرارکردنى یاسا و پاراستنى ئارامى و ئاسایشی شارى ھەولێر و پارێزگاریکردن لە سەلامەتی و سەر و ماڵ و گیانى هاووڵاتییانى.