فەڕەنسا-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا دەڵێت، دامەزراندنی سەنتەری کولتووریی فەڕەنسی- ئەڵمانی لەسەر قەڵای ھەولێر، گرنگیدانی دوو وڵاتی گەورەی ئەورووپایە بە ھەرێمی کوردستان، بە تایبەت فەڕەنسا دەیەوێت پەیوەندی لە ھەموو بوارەکاندا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەبێت و گرنگیی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان دەدات.
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا، عەلی دۆڵەمەری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، دامەزراندنی سەنتەری کولتووریی فەڕەنسی - ئەڵمانی لەسەر قەڵای ھەولێر، گرنگیی یەکجار زۆری ھەیە، کە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان بە تایبەت وڵاتێکی وەکو فەڕەنسا تەنیا پەیوەندیی سیاسیی نییە، بگرە پەیوەندیی کولتووری و ئابووری و ئەکادیمی و بوارەکانی دیکەشی ھەیە، چونکە دوو وڵاتی گەورەی ئەورووپا لەو سەنتەرە بەشدارن، ئەوانیش فەڕەنسا و ئەڵمانیان و دەیانەوێت کولتووری ھەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتانە تێکەڵاو بکرێت و سوود لە یەکتری وەربگرن.
دۆڵەمەری گوتیشی، ئەوان دەیانەوێت پەیوەندییان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان زیاتر فراوان بکەن لە ڕووی کولتووری و ھونەری و رۆشبیری و بوارەکانی دیکەش، بۆیە لە ھەموو بوارەکاندا ھەنگاوی کردەییش نراوە و چەندین کۆنسرێت کراون، کە لە ٢٠/٦ی ھەموو ساڵێک لە فەڕەنسا جەژنی مۆسیقایە و لە ھەرێمی کوردستانیش تیمی فەڕەنسی و ئەڵمانی و کوردی تێکەڵ دەکرێن و لێرەوە دەچن بۆ ھەرێم و لە ھەرێمەوە دێن بۆ فەڕەنسا، بۆیە لە ئێستادا پەیوەندیی ھەرێمی کوردستان و فەڕەنسا لە ئاستێکی زۆر باشدایە.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، بە شێوەیەکی گشتی پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و فەڕەنسا لە ھەموو بوارەکاندا لە ئاستێکی زۆر باشدایە، بۆیە ئەو تێکەڵبوونە دەبێتە ھۆی ئەوەی پەیوەندیی ھەرێمی کوردستان و فەڕەنسا زۆر باشتر بێت، چونکە فەڕەنسا ھەمیشە لەگەڵ باشبوونی پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقە و پێیان وایە نەبوونی پەیوەندیی نێوان ھەردوولا دەبێتە ھۆی ناسەقامگیریی وڵات، بۆیە حەزیان لێیە پەیوەندیان باش بێت و بە تایبەت پێیان خۆشە ھەرێمی کوردستان ھەمیشە سەقامگیر بێت.
بڵند ئیبراھیم