ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٥/٨/٤ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ماڵئاوایی بۆ کۆتاییھاتنی ئەرکەکەی، پێشوازیی لە خاتوو کریستیانە ھۆمان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق کرد.
لە دیدارێکدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، ستایشی ئاستی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیای لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد و خواستی ھەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان و فراوانکردنی ھاریکاریی ھاوبەش لە ھەموو بوارەکاندا لەگەڵ ئەڵمانیا، دووپات کردەوە.
بەڕێزیان ھەروەھا سوپاس و پێزانینی پێشکەش بە خاتوو ھۆمان کرد بۆ ئەرک و ھەوڵەکانی لەپێناو پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان و ھیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی تازەیدا بۆ خواست.
لای خۆیەوە خاتوو ھۆمان وێڕای نیشاندانی خۆشحاڵی بۆ ئەو ماوەی ئەرکی لە عێراق، پێزانینی خۆی بۆ پشتگیریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان لە سەرخستنی ئەرکەکەی دەربڕی، ھەروەھا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەڕوانێت و خوازیارە لە ھەموو کەرت و بوارەکاندا، برەوی زیاتریان پێبدات.
پەیوەندییەکانی ھەولێر - بەغدا، دۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستان و پێشھاتەکانی سووریا و ناوچەکە بەگشتی، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو کە بەڕێز کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوو.
