Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسرور بارزانی: دەزگای خێرخوازیی بارزانی خاوەنی پێگەیەکی دیار و سەنگینە لە کاری بەخشین و خێرخوازیدا

ھەولێر-KDP.info-  سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە بیستەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پەیامێک بڵاودەکاتەوە و ڕایدەگەیێنێت: دەزگای خێرخوازیی بارزانی خاوەنی پێگەیەکی دیار و سەنگینە لە کاری بەخشین و خێرخوازیدا.

لە پایەمەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیدا هاتووە: لە بیستەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و گشت کارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەم، هیوای بەردەوامبوون و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم، هەروەها دەستخۆشییان لێ دەکەم بۆ ماندووبوون و کارکردنی بەردەوامیان لەپێناو یارمەتیدانی خەڵکی هەژار و لێقەوماو.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وتیشی: دەزگای خێرخوازیی بارزانی، خاوەنی پێگەیەکی دیار و سەنگینە لە کاری بەخشین و خێرخوازیدا و بەبێ هیچ جیاوازیکردنێک، خزمەتێکی شایستە و بەرچاو پێشکەشی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت و لێقەوماوان دەکات نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکو لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر و جیهانیش. ڕێز و پێزانینێکی زۆرم بۆ هەموو خێرخواز و بەخشەر و هەموو ئەو لایەن و ئاژانس و ڕێکخراو و دەزگا خێرخوازییانە هەیە، کە هاریکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەن و کار و چالاکی و پرۆژەی هاوبەش دەکەن.

ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پیرۆز بێت و هیوادارام هەمیشە نموونەیەکی گەشی کاری مرۆیی و خێرخوازی بێت.