هه‌ولێر-KDP.info- گوته‌بێژی به‌رگریی شارستانیی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێ، ته‌نیا مانگی رابردوو هه‌زار و 417 رووداوی جوراوجۆر تۆمار كراون و له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵیشه‌وه 41 كه‌س له‌ناو ئاودا خنكاون.
موقه‌ده‌م سه‌ركه‌وت كاڕه‌ش، گوته‌بێژی به‌رگریی شارستانیی هه‌رێم، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند، ته‌نیا مانگی ته‌مووزی رابردوو هه‌زار و 417 ڕووداو تۆمار كراون، کە هه‌زار و 329 ڕووداویان کەوتنەوەی ئاگر بوونه، هه‌روه‌ها ته‌نیا مانگی ڕابردوو 10 هاووڵاتی به هۆی ئاوەوە خنكاون، له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵیشه‌وه تا ئه‌مڕۆ 41 هاووڵاتی خنكاون كه ژماره‌یه‌كی زۆره له خنكان، به‌ڵام به گشتی 20%ی ڕووداوه‌كان كه‌میان كردووه به‌راورد به ساڵی رابردوو.
گوته‌بێژی به‌رگریی شارستانیی هه‌رێمی كوردستان ده‌شڵێت، ڕووداوه‌كانی خنكان پێویستیان به هۆشیاریی هاووڵاتیان هه‌یه کە ڕێنماییه‌كانی به‌رگریی شارستانی لەبه‌رچاو بگرن، چونكه مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی له‌ناو شار و مه‌له‌وانگه فێری مه‌له‌وانی بوو، له ڕووباره‌كان بتوانێت مه‌له‌وانی بكات.
موقه‌ده‌م سه‌ركه‌وت ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، ڕووداوه‌كانی وه‌رزی هاوین زیاتر ڕووداوی سووتانی پوش و پاوان و خنكانن، چونكه هاووڵاتیان بۆ مه‌به‌ستی گه‌شت و مه‌له‌وانی ده‌چنه ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان و له‌وێش به‌هۆی پاشماوه‌كانیان ئاگر دروست ده‌بێت، یانیش له شوێنی ترسناك مه‌له‌وانی ده‌كه‌ن و ده‌بێته هۆی مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانیان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش وێڕای جێگیركردنی تیمی مه‌له‌زانی و ده‌ركردنی ڕێنمایی، پێویسته هاووڵاتیانیش ئاگادار بن له مه‌ترسیی ڕووداوه‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه و شوێنی مه‌له‌وانی.
قائید میرۆ