Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زیبا ته‌ها: له‌ڕێگه‌ی ئافره‌تانه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تی هۆشیاری بۆ پاراستنی ئاو ڕاده‌گه‌یه‌نین

هه‌ولێر -KDP.info- یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوانی بۆ پاراستنی ئاو ده‌ستپێكردووه‌ و سكرتێری یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستانیش ده‌ڵێ  "له‌ژێر درۆشمی (ئاو بپارێزه‌ ژیان بپارێزه‌) ڕێنمایی و هۆشیاری بۆ پاراستنی ئاو ده‌گه‌یه‌نینە هه‌زاران ئافره‌ت."

زیبا ته‌ها، سكرتێری یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان له‌ مه‌راسیمی هه‌ڵمه‌تی پاراستنی ئاو ڕایگه‌یاند "پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌ی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان ڕاده‌گه‌یه‌نین، ئه‌ویش پاراستنی ئاوه‌ وه‌ك سامانێكی نیشتمانی گرینگ، چونكه‌ یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان  داكۆكیكاره‌ له‌ مافی ئافره‌تان و له‌ پرسه‌ نیشتمانییه‌كانیش پێشه‌نگه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی به‌ بەرپرسیار ده‌زانێت له‌به‌رده‌م پرسه‌ نیشتمانییه‌كان، هه‌ڵمه‌تی هۆشیاری بۆ به‌فیڕۆنه‌دانی ئاو، پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌ی یه‌كێتییه‌كه‌مانه‌ بۆ به‌شداری له‌ پاراستنی سامانی نیشتمانی،  ئاو سه‌رچاوه‌ی ژیانه‌ و به‌شێكی سامانی سروشتی هه‌ر وڵاتێكه‌، پرسی ئاو بوه‌ته‌ بابه‌تی سیاسی و ململانێی سیاسی له‌سه‌ره‌، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر كابینه‌ی نۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پرسی ئاوی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بردووه‌، به‌ڵام پێویسته‌ ئێمه‌ش وه‌ك تاك به‌شداربین له‌ به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌و سامانه‌."
زیبا ته‌ها گوتیشی "لەڕێگه‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌وه‌ ده‌مانه‌وێ په‌یامی ئێمه‌ بگاته‌ زۆرترین هاووڵاتی به‌تایبه‌تی ئافره‌تان، چه‌ندین سیمینار به‌ڕێوه‌ده‌چن و هه‌زاران ئافره‌ت تێیدا به‌شدار ده‌بن، هه‌روه‌ها به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی له‌ڕێگه‌ی وتاری ڕۆژی هه‌ینی ئه‌و په‌یامه‌ ده‌گه‌یه‌نینه‌ زۆرترین هاووڵاتی، بۆ ئه‌وه‌ی ئاو به‌فیڕۆ نه‌درێت."
لای خۆیشیه‌وه‌ ئه‌ندازیار ئاری ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆ له‌ هه‌رێمی كوردستان گوتی "پێش دوو هه‌زار و 700 ساڵ سه‌نحاریب له‌ به‌ستۆڕه‌ ئاوی بۆ شاری هه‌ولێر دابین كردووه‌، سه‌رده‌می پێشتر ئاو له‌ڕێگه‌ی كارێز ده‌گه‌یشته‌ شاری هه‌ولێر، په‌نجا كارێز هه‌یه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر، یه‌كه‌م تۆڕی ئاو له‌ ساڵی   1924 له‌ شاری هه‌ولێر دانراوه‌، ستراتیژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دابینكردنی ئاوی پاكه‌ بۆ هاووڵاتییان، ئافره‌تانیش زۆرترین به‌كارهێنه‌ری ئاون له‌ ماڵه‌وه‌ و له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵ، بۆیە گرینگه‌ ده‌ست به‌ ئاوه‌وه‌ بگرین و ئاو به‌فیڕۆ نه‌درێت."

قائید میرۆ