لیزا فەلەکەدین کاکەیی
دەیان ساڵە کاراکتەرێکی تاریک لەناو ئەدەبیات و مێژووی کوردیدا بوونی ھەیە و لە شانۆ، ھۆنراوە، چیرۆک، پێشانگا و سینەما ڕۆڵی دڕندەیەک دەبینێت.
عەجاج، خوێنمژێک کە بە بینینی ئێسک و پروسکی ژن و پیاو و منداڵی کورد چێژی دەبینی.
ئەگەر لەگەڵ ھەر ڕزگاربوویەکی ئەنفالدا یان نەوەیەکی ئەنفالدا بدوێیت ئەوە لەدوای ناوی سەدام حوسێن و عەلی حوسێن کیمیاوی و بارق حنگە، ناوی چوارەم دەبیسیت کە “عەجاج”ە.
ئەوێ ڕۆژێ کە چل و دووەھەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەکان بوو، مانشێتی ھەوڵەکان ھەمووی بووبە تایتڵی (عەجاج دەستگیرکرا)...
ھەرکە ئەو ھەواڵەم بیست (دایە ئامینە)م بیر کەوتەوە کە خەڵکی گەرمیان بوو و ھاوسەر و ڕۆڵەکانی بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتبوون و بەچاوی خۆی شاھێدی زوڵمەکانی عەجاج ببوو… بۆی گێڕامەوە:
لە نوگرە سەلمان بووین ھەردوو کچەکەم و بوکەکەم لەئێمە جیا کرانەوە، من و ھاوسەرەکەم لەتاو ئازاری دووری مناڵەکان و نەزانینی چارەنووسیان بەردەوام دوعامان دەکرد. لە ڕۆژێکی گەرمی ھاویندا ھاوسەرەکەم کە تەمەنی ( ٦٠) ساڵ دەبوو لەسەر پارچە پەڕۆیەک نوێژی خۆی دەکرد، لەو کاتەدا دەستەکانی بۆ ئاسمان بەرز کردبووەوە و بەردەوام ناوی خوای دەھێنا… لەگەڵ تەوابوونی لە نزاکەی ویستم پەرداخێک ئاوی گەرمی بدەمێ، چونکە ئەمجارەیان زۆر لەسەرپارچە پەڕۆیەکە مایەوە و نزای زۆری کرد، فرمێسک لە چاوەکانی دڵۆپ دڵۆپ دەھاتنە خوار و ھەر دەیوت خوایە بە (ئازاد و بورھان) شادم بکەوە.
لەناکاو پیاوێکی زلی خوێن تاڵ خۆی کردە ناو حەوشەی زیندانەکە و رووی لە پیاوەکەم کرد و پەرداخە ئاوەکەی لێ وەرگرتەوە و لەبەردەمیا ڕشتی، ھاوارم کرد و وتم بۆ ئەم زوڵمەی تاکو کەی؟!
دواتر ئەو سەربازانەی پاسەوانی عەجاجیان دەکرد پەلاماریان دام و منیان بردە سەربانی زینداکە و لەوێوە تەنھا سەحرایەکی لماویم دەبینی، لە دڵی خۆمەوە دەمگوت ئەی خوایە بۆ منیان ھێناوەتە ئەم بانە!
دواتر چاوم لێبوو ھاوسەرەکەی من و دوو پیاوی دیکەیان لە زیندانەکە ھێنایە دەرەوە و چەند مەترێک دووری زیندانەکە ئەو عەجاجە خوێن مژە ھەرسێکیانی بەر گولەدا، ھەتا ھێزم تیابوو ھاوارم کردو و تفم کردە ناو چاوانی ئەو دڕندانەی کە لە دەورم بوون.
گێڕانەوەیەکی زۆر تاڵبوو، لە ھەمووشی ناخۆشتر دایە ئامینە ئەوەشی بینیبوو کە عەجاج و پاسەوانەکانی ھەرسێ تەرمەکەیان دەرخواردی سەگەکانی بیابان دابوو.
خۆزگە دایە ئامینە لە ژیاندا دەما و ئێستا ئەم ھەواڵەی دەبیست (روحی شاد بێت)، بەڵام دەیان دایە ئامینەی دیکە ھێشتا لە ژیاندا ماون کە شاھێدی زیندووی بەسەرھاتە تراژیدیاکانی نوگرە سەلمان و زوڵم و ستەمەکانی عەجاج و ھاوشێوەکانیانن کە دەتوانن ببن بە سکاڵاکار و گەوھیدەر بۆ کەیسەکانیان.
پێویستە ھەرچەند زووترە دەستبکرێت بە گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی دادگاییکردنی عەجاج تا لە ژیاندا ماوە، لەبەر ئەوەی عەجاج گەورە تاوانبار و گەواھیدەری سەدان بەسەرھاتی تاڵی وەکو دایە ئامینەیە.
عەجاج کۆدی سەرەکی دۆسیەی ئەنفالە و ئەو کۆدەش پێویستی بە کردنەوە ھەیە بۆ ڕوونبوونەوەی چارەنووسی ھەزاران دایک و باوک و خوشک و برای بێ سەرو شوێنی نێو بیابانەکان.