بەغدا-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی گشتیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق گوتی، دامەزراندنی ٤٥٥ پێشمەرگە لە لیوای ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق تەنیا دابینکردنی شایستەی دارایی ماوە و لە ھەوڵدان بۆ ئەوەی بۆیان دابین بکرێت.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی گشتیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، کاتی خۆی دوو لیوای ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ناوچە کوردستانییەکان دامەزران، لە پشکی ھەرێمی کوردستان ٤٥٥ کەس بە ھەر ھۆکارێک نەڕۆیشتن بۆ ئەوەی دامەزرێن، ئێمە ناوی دیکەمان بۆ ناردوون بۆ ئەوەی لە شوێنی ئەوان دامەزرێن و ئێستا رێکارەکانیان تەواو بووە و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی کراون، بۆ ئەوەی شایستەی داراییان بۆ دابین بکرێت و ئێمەش لە ھەوڵی بەردەوامدا دەبین بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانیان بۆ دابین بکرێت،کە هەر کاتێک بۆیان دابین کرا، ئەوکات ئەوانیش دەستبەکار دەبن.
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی گشتیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق گوتیشی، کێشەکە ئەوە بوو پێویست بوو ئەوانەی ناویان تۆمار کراوە بچنە سەر دەوامی خۆیان و ناویان گەڕابۆوە، بەڵام نەھاتن بۆ ئەوەی شوێنیان پڕبکرێتەوە، ئێمەش ئەو ناوانەی نەچوون ناوی دیکەمان بۆ ناردوون و ساڵانەش وەزارەتی دارایی شایستەی دارایی بۆ ئەو کەسانە دیاری دەکات کە دادەمەزرێن و چاوەڕێ دەکەین ئەمجارە شایستەی دارایی دابین بکرێت و ئەو پێشمەرگانەش دامەزرێن.
ناوبراو دەشڵێت، دامەزراندنی دوو لیوای ھاوبەش بۆ ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنیی نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بوو، کە لیوایەک بۆ ھێزی پێشمەرگە و لیوایەکیش بۆ سوپای عێراق بوو و ئێستا کاری خۆیان دەکەن لەو ناوچانەی بۆیان دیاری کراوە، ئێمەش کار دەکەین بۆ ئەوەی دابمەزرێن، چونکە ئەوە پشکی ھەرێمی کوردستانە.
بڵند ئیبراھیم