Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مێژوو نانێژرێت

ئاشنا بابان

ئەمڕۆ یادی ٤٢ ساڵەی هەڵمەتی ئەنفالی بارزانه‌ کە پڕ ئازارترین و دڕندەترین لاپەڕەکانی جینۆسایدە لە مێژووی کوردستانی عێراق، ئەو هەڵمەتە دڕندانەیەی ڕژێمی بەعسی عێراقی بێبەزیانە و بە مەبەستی بنبڕکردنی ناسنامەی کورد و سڕینەوەی گەلی کورد بوو. ئەنفال تەنیا هێرشێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو هەوڵێکی سیستماتیک بوو بۆ قڕکردنی گەلی کورد لە ڕێگەی کوشتنی بە کۆمەڵ و ئاوارەبوونی زۆرە ملێ و سوتاندنی گوندەکان. ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە شوێنەواری قوڵی لە ناخی تاکی کورد و یادەوەریەکانی بەجێهێشتووە، چیرۆکی ناخ هەژێنی قوربانیەکان و ئازارە بەردەوامەکان پێویستە لە یاد نەکرێت و ڕێگە نەدرێت بە سڕینەوەیان هەرگیز لەبیرنەکرێت بۆ هەمیشە ئەو تاوانانەی بەرامبەر گەلی کورد کراون هۆکارێک بێت بۆ مانەووە و خۆڕاگری و پاراستنی ناسنامەی کورد بوونمان.

ئەم یادە ناخ هەژێنە هەنگاوێک بێت بۆ  ڕه‌تکردنەوەی نادادپەروەری و زیاتر پێداگری لە یەکگرتووی و یەکڕیزی نەتەوەیی، بەهێزترین چەک بێت لە دژی هەوڵەکانی پەراوێز خستن و هەڕەشەکان کە شوناس و مافەکانی کورد دەکەنە ئامانج. ئەم یادە بیرهێنانه‌وەیەکی بەردەوامە کە ئازادی و کەرامەت پێویستی بە پاراستنی بەردەوامە، پێویستە نەوەی داهاتوو مەشخەڵی خەبات و بەردەوامی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی بن، مێژووی خەباتی دوێنی و ڕووناکی داهاتووتەکی گەشبن بۆ نەتەوەی کورد،  هەست بە ئەرکی پاراستینی ناسنامە و کلتووری کورد بکەن بۆ داهاتوو. لەڕێگەی وەبەرهێنان لە ئینتمای نەتەوەی و پەروەردەی ڕۆشنبیری و هۆشیاری سیاسی کە زامنی ڕاستەقینەیە بۆ دۆزی کورد کە بۆ هەمیشە بە زیندوویی بمێنێتەوە، ئازارەکانی  ئەنفال کۆتای نایات بەبێ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو وانەکانی ڕابردوو لە بەرچاوبگرن و بەردەوامبن لە پێناو کوردستانێکی بەهێز و سەربەخۆ..