Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھەزار و 392 پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەران دابەشکرا

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ تیروپشک بۆ دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران لە شارەوانی دارەشەکران بەڕێوەچوو و ھەزار و ٣٩٢ فەرمانبەر سوودمەندبوو.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٥.٧.٢٢، لەژێر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لە درێژەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی ھەولێر، لە ڕێورەسمێکدا، دەستکرا بە دابەشکردنی ( ١ ھەزار و ٣٩٢ ) پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەرانی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی دارەشەکران، ھاوکات ڕۆژی پێنجشەممەش ( ٣ ھەزار ) پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەرانی سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی قوشتەپە دابەشدەکرێت.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە ھەریەک لە مەریوان ھادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان و حامید کاکەیی، قایمقامی پیرمام ئامادەی بوون، پارێزگاری ھەولێر، وێڕای پیرۆزبایی لە فەرمانبەران، دەستخۆشیان لە بەرێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی ھەولێر و فەرمانبەرانیان کرد بۆ ڕاییکردنی کاروبارەکانی پەیوەست بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران.

ئاماژەشی بەوەشدا، دوای بڕیاری ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، بەخۆشحاڵییەوە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا توانرا ئەو ڕێکارانەی کە پێویست بوون بۆ دانانی نەخشەی کەرتی و دروستکردنی زەوی نیشتەجێبوون تەواو بکرێت.

جێگەی باسە، ڕۆژی ٢٧ی ئاداری ٢٠٢٤، لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندیی دۆخی ھاووڵاتییانی کوردستاندا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان، ھەر فەرمانبەر و مامۆستا و پێشمەرگەیەک و کارمەندێکی ناوخۆ کە ‏ھەشت ساڵ خزمەتی ھەبێت و ھەر خانەنشینێکیش لە کاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت، زەوییەکی ٢٠٠ مەتری پێدەدرێت.