Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گوتەبێژی حکوومەت بۆ KDP باسی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنه‌كه‌ و ناردنی مووچە دەکات

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە سەرەتای ئەم ھەفتەیەدا ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەغدا دەست بە ناردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران دەکات.

پێشەوا ھەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تایبه‌ت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە داھاتی ناوخۆ ١٢٠ ملیار دینار بۆ حکوومەتی عێراق ڕەوانە بکات و بۆ ڕادەستکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستانیش، بە گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ نەوتەکە ڕادەست دەکرێت.

گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی، "لە بەرامبەر ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیکات، حکوومەتی عێراقیش بەپێی ھەمان ئەو ڕێککەوتنەی ئەنجام دراوە، ئەوانیش لە سەرەتای ئەم ھەفتەیەدا مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکەن و دواتریش ڕێوشوێنی پێویست بۆ ناردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەگرینە بەر، بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دابەش بکرێت.

ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق ڕێککەوتوون لەبارەی ڕادەستکردنی داھاتی ناوخۆ و ڕادەستکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان و بەغداش مووچە ڕەوانە بکات، کە بڕیارە دوای پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لەم ھەفتەیەدا ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت و مووچە ڕەوانە بکرێت.

 

بڵند ئیبراھیم