Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری ناوخۆ ئامانجی هێرشە درۆنییەکان بۆ سه‌ر هەرێمی کوردستان ئاشكرا ده‌كات

ھەولێر-KDP.info- وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، ئامانجی هێرشە درۆنییەکان ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستانە و پێویستە کۆتایی بەم هێرشە تیرۆریستییانە بێت.

ڕۆژی پێنجشەممە 17ـی تەممووزی 2025، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە بارەی هێرشە درۆنییەکان وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی، "زۆر ڕوونە کە درۆنەکان لە کوێوە ئاراستە دەکرێن، کە هەمیشە شادەماری ئابووری هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.

ڕێبەر ئەحمەد، ئاماژەی بەوە کرد، هێرشە درۆنییەکان بە داخەوە کردەوەی تیرۆریستین، هەر لایەنێک لە پشت ئەو کارەوە بێت شەرمەزار دەبێت.

هاوکات وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات، سنوورێک بۆ ئەو هێرشە درۆنییانە دابنێت و ئەو لایەنانەشی لە پشت ئەو هێرشانەن، ئاشکرا بکرێن و بدرێنە دادگا.

لەبارەی ڕێگەگرتن لەو هێرشانە و چۆنیەتی پاراستنی شوێنەکان، ڕێبەر ئەحمەد، ڕایگەیاند، "ئێمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و وەستاندنی ئەو هێرشانە، هەماهەنگیی و کاری هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ دەکەین، هەروەها داوامان لە هاوپەیمانانیش کردووە هاوکارمان بن لەو بارەیەوە.