Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سامان بەرزنجی بۆ KDP: بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت نەخۆشخانەکانمان بۆ بریندارانی کوت کراوەن

هەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێم ڕایگەیاند، بەفەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەخۆشخانەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ بریندارانی ڕووداوی کوت کراوەن، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت پەیوەندیم بە پارێزگاری کوت و وەزیری تەندروستی حکوومەتی عێراق کرد.

دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گەیاندنی ھاوکاری و پاڵپشتی بۆ بریندارانی ڕووداوی  سوتانی باڵەخانەکەی کوت پەیوەندیمان بە پارێزگاری کوت و وەزیری تەندروستی حکوومەتی عێراق کرد، پێمان ڕاگەیاندن فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە دامودەزگا تەندروستیەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ بریندارانی ڕووداوەکە کراوەیە و پێشوازی لە ھەربریندارێکی ئەو کارەساتە دەکەین کە بەداخەوە گیان لەدەستدانی زۆر لەو ڕووداوە ھەبووە و ئامادەیمان پێشاندا بۆ تیمەکانی تەندروستی و ئەمبوڵانس و پێداویستی پێویست بێت ڕەوانەی پارێزگا کوت دەکەین، چونکە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە پێویستە ھەموو ھاوکاریەکی قوربانیانی ئەو ڕووداوە بکرێت وھەرچی پێویستە بۆیان بکرێت.

وەزیری تەندروستی گوتیشی، نەخۆشخانەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ بریندار و نەخۆشخانی ئەو ڕووداوە گەورەیە کراوەن و ھەر کاتێک ڕەوانە بکرێت لە خزمەتیان دەبین بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت، ھەر بۆیە ئەمڕۆش خۆم قسەم لەگەڵ کردوون بە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە ئامادەین بۆ ئەوەی ھەرچی پێویست بێت ئەنجامی بدەین.

شەوی ڕابردوو باڵەخانەیەک لە پارێزگای کوت ئاگری گرت بەوھۆیەوە زیاتر لە ٦٠ کەس گیانی لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆری خەڵکیش برینداربوون و زیانی زۆری گیانی ھەبوو.

 

بڵند ئیبراھیم