Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامێک لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ھەولێر-KDP.info-  مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، پێزانینێکی زۆرم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی کوردستان هەیە، هەروەها سوپاسی ماندووبوونی هەموو کەس و لایەنێکیش دەکەم کە هەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە داوە و بەردەوام هاوکار و پاڵپشتمان بوون.

دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو بەرژەوەندی و کەمکردنی فشار لە سەر خەڵکی کوردستان، هەموو نەرمییەکی نواند و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کرد و دوای هەوڵ و گفتوگۆیەکی زۆر، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیش، ڕەزامەندی لەسەر لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ دا. پێشوازیی لەو هەنگاوە دەکەین و چاوەڕوانین حکوومەتی فیدراڵ ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

پێزانینێکی زۆرم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی کوردستان هەیە، هەروەها سوپاسی ماندووبوونی هەموو کەس و لایەنێکیش دەکەم کە هەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە داوە و بەردەوام هاوکار و پاڵپشتمان بوون.
هیوادارم مووچە و شایستە داراییەکان، کە مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە، چیتر تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەک نەکرێت و لە چوارچێوەی دەستوور و بە ڕێزگرتن لە ڕێککەوتنەکان، کێشەکانمان چارەسەر بکەین.

هەروەها دەبێ کۆتاییش بەو هێرشانە بێت کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش کێڵگە نەوتییەکان. هیوادارین حکوومەتی فیدراڵ، هاوکار بێت لە دۆزینەوری ئەو تێکدەرانە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لە دژیان.

 

مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
2025/7/17