ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی لەگەڵ ئانل بۆرا ئینان، باڵیۆزى توركیا له عێراق، تاوتوێی پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیا و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ کرد.
ئهمڕۆ پێنجشەممە 17ـی تەممووزی 2025، مەسروور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوای لە ئانل بۆرا ئینان، باڵیۆزى توركیا له عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەدا کە ئەرمان تۆپچو، کونسولی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، وێڕای گفتوگۆکردن لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیا و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم و دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان تاوتوێ کرا.
هەروەها جەخت لە کۆتاییهێنان بە هێرشی تیرۆریستانەی سەر ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
سەرۆکی حکوومهت سوپاسی ئاسانکاری و هاریکاریی تورکیای بۆ هاووڵاتییانی هەرێم کرد لە کاتی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەدا.
باڵیۆزی تورکیا ستایشی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە بواری وزە و دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکی کرد.
گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.