بەغدا-KDP.info- فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک ھێرش بۆ سەر کێڵگەنەوتییەکانی ھەرێمی کوردستانی ئیدانە کردووە و داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکات، بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات لە ئەستۆ بگرێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ی تەمووزی ٢٠٢٥ بڵاو کراوەتەوە ھاتووە: "لەسایەی ئەو فشارە ئابوورییە ستەمکارانەیەی کە خراوەتە سەر ھەرێمی کوردستان، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ھەرێم ڕووبەڕووی زنجیرەیەک ھێرشی تیرۆریستی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتەوە کە دامەزراوە گرنگ و ستراتیژییەکانی کردووەتە ئامانج، لەوانە ژێرخانەکان، پاڵاوگەکانی نەوت، و سەرچاوەکانی وزە"
لە ڕاگەیاندراوەکەدا بە ئاماژەکردن بەوەی ئەم ھێرشانە پەرەسەندنێکی مەترسیدار پێکدەھێنێت کە دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەری و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق، و ھەڕەشەی زیانی گەورە لە خوێنبەری ئابوورییەکەی دەکات، جەخت کراوەتەوە ھێرشەکان بە ڕوونی دەری دەخەن ئەوانەی لە پشتیانەوەن ھیچ پەیوەندییەکیان بە نیشتمانپەروەرییەوە نییە، بەڵکو ھەوڵ بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای گوماناوی دەدەن کە خزمەت بە بەرژەوەندیی تەسک دەکەن لەسەر حسابی بەرژەوەندیی گەلی عێراق و یەکڕیزییەکەی.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە حکومەتی فیدراڵی کردووە "بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات، لە ئەستۆ بگرێت و ھەنگاوی یەکلاکەرەوە بنێت بۆ ڕاگرتنی ئەم ھێرشانە و ئاشکراکردنی ئەنجامدەران و ھێنانیان بۆ بەردەم دادگا".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا داوا کراوە: "کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەران ببەسترێت بۆ تاوتوێکردنی ئەم پێشھاتە مەترسیدارانە و ئاگاداربوون لە ڕێکارەکانی حکومەت لەوبارەیەوە، ئەمەش بۆ بەھێزکردنی ڕۆڵی دەسەڵاتی یاسادانانە لە پاراستنی نیشتمان و ھاووڵاتی".