Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنجوومەنی باڵای فتوا ڕوونکردنەوە دەدات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای فتوا لە ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کڕین و فرۆشتنی شوققە یاخود خانوو لە دەستی دوو و سێ بە ھیچ شێوەیەک دروست نییە ئەگەر دەستی یەکەم وەرینەگرتبێت یاخود شوققە یان خانووەکە دروست نەکرابێت. دەشڵێ، نووسینەوەی ماستەر و دکتۆراش بۆ کەسانی دیکە و بەکرێدانی بڕوانامە، بە ھیچ شێوەیەک جائیز نییە و حەرامە.

پرۆفیسۆر دکتۆر حەسەن موفتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای فتوا لە ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئێمە وەکو لیژنەی باڵای فتوای ھەرێمی کوردستان، فتوامان دەرکردووە لەبارەی کڕین و فرۆشتن بە شوققە و خانوو، ئەوەی کۆمپانیایەک تەندەرێکی بۆ دەردەچێت و شوققە دروست دەکات و خەڵکیش دەچێت دانەیەک دەکڕێت و قیستێکیش دەدات، ئەگەر ھێشتا دروستیش نەکرابێت ئاساییە و کێشەی نییە، بەڵام ناکرێت تۆ بچی بیفرۆشیەوە تاوەکو ڕادەستی تۆ بکرێت یاخود بکرێتە ھەیکەل، چونکە ناکرێت بوونی نەبێت و کڕین و فرۆشتنی پێ بکەیتەوە و تەنیا بۆ دەستی یەکەم دروستە، بەڵام بۆ دەستی دوو و سێ ڕێگەپێدراو نییە و ناکرێت و دروست نییە، ھەر کاتێک بووە ھەیکەل یاخود ڕادەست کرا، ئەوکات دەتوانی بیفرۆشیتەوە.

موفتی گوتیشی، شوققە ھەیە سێ بۆ چوار دەستی کردووە لە کاتێکدا ھێشتا بوونی نییە و دروست نەکراوە و خاوەن کۆمپانیاش نەماوە لە پڕۆژەکە و ھەشە ڕای کردووە، بۆیە ئەمانە گرفت دروست دەکەن و پێویستە ئەوەی لە دەستی دوو و سێ ئەو کڕین و فرۆشتنە بکات، یەکەکە بوونی ھەبێت ئەوکات کڕین و فرۆشتنی پێ بکات نەک ھێشتا دروست نەکراوە و تەنیا بە ناو ھەیە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، لەبارەی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆراش ئەمە ئەمانەتێکە و پێویستە توانای خۆی سەرف بکات و ناکرێت کەسێک لە شوێنی کەسێکی دیکە ماستەر یاخود دکتۆراکەی بۆ ئامادە بکات، کە دەکرێت یارمەتی بدات لە نووسینەوە و تایپکردن یاخود ڕێنمایی یانیش ئامۆژگاری، بەڵام نووسینەوەی حەرامە و نابێت کڕین و فرۆشتنی پێ بکرێت، ھەیە پارە بە کەسێک دەدات بۆ ئەوەی ماستەر یاخود دکتۆراکەی بۆ ئامادە بکات و ئەویش لەسەر حازری وەریبگرێت لەبەرامبەر پێدانی بڕێک پارە، ئەوەیان حەرامە.

هاوکات دەشڵێت، بۆ بەکرێدانی بڕوانامەش دروست نییە و پێویستە خۆی لەگەڵ بڕوانامەکە بێت و توانای خۆی لەگەڵ بێت و خۆی لە زانکۆکە بەشدار بێت، یاخود وانە بڵێتەوە و چالاکیی زانستیی ھەبێت نەک بڕوانامەکەی بەکرێ بدات و ئەوانیش کۆلیژێک یاخود بەشێکی زانستی بە بڕوانامەی ئەو بکەنەوە، ئەوەیان دروست نییە و حەرامە، لەبەر ئەوەی ئەو پارەیەی لە حکوومەت یاخود قوتابی وەریدەگرێت کە کارێک دەکات ھیچ چالاکیی نەبووە و قوتابیش دەچێتە کۆلێژ بۆ ئەوەی سوود لە خاوەن بڕوانامەی مامۆستاکە وەرگرن نەک وەرەقەیەک کە بڕوانامەکەیەتی، بۆیە ئەمە بە ھیچ شێوەیەک دروست نییە و حەرامە.

 

بڵند ئیبراھیم