بەغدا -KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان جەخت دەکەنەوە، یەکھەڵوێستی کورد دەبێتە ھۆی بەهێزبوونی کورد بەرامبەر بەغدا، دەشتوانێ مافەکانی بەپێی یاسا و دەستوور بەدەستبێنێت و پارێزگاریش لە دەستکەوتەکان بکات.
د.ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یەکگرتووی و یەکھەڵوێستی کورد بۆ ھەموو قۆناغەکان زۆر گرینگ بووە، ھەر کاتێک کورد یەکگرتووبێت دەستکەوتی باشی دەبێت، لە ھەموو قۆناغەکانیش دەستکەوتەکان بە یەکگرتن بەدەست ھاتوون، بۆیە بۆ ئەم قۆناغە و دۆخی ئێستا باشترین کار بکەین یەکگرتوویی و یەکھەڵوێستییە، چونکە بە یەکگرتوویی بەرامبەر بەغدا زۆر بەھێزتر دەبین و دەستکەوتی باشترمان دەبێت، خەڵکی کوردستانیش ئەوەمان لێ دەخوازێت، پێویستە بۆ داکۆکیکردن لە مافی کورد یەکھەڵوێست بین."
د.ڤیان سەبری دەشڵێت، "لە کۆبوونەوەی دوێنێی ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی، بڕیاریاندا یەکھەڵوێست بن، ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە، دڵنیاشم دەستکەوت و ئەنجامی باشی دەبێت، چونک تەنیا بە یەکگرتن دەتوانین مافە یاسایی و دەستورییەکانمان لە عێراق بەدەستبێنین، ئێمەش لە بەغدا ھەموو تواناکانی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی مافی خەڵکی کوردستان بەدەستبێنین."
ھەرێم کەمال ئاغاش کە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "نەک تەنیا بۆ ئەم قۆناغە بۆ ھەموو قۆناغەکان لە ناوخۆ و دەرەوە یەکگرتوویی کورد پێویستە، ئەگەر کاتی خۆی کورد لە نووسینەوەی دەستور یەکگرتوو نەبووایە بە چ ئاقارێک دەبردرا و مافەکانی کورد تێیدا جێگیر نەدەکرا، بۆ ھەموو قۆناغەکان یەکگرتوویی کورد گرینگە و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ھەموو جومگە سەرەکیەکان ھەیە، هەر بۆیە بەھۆی ناتەبایی زۆر شت لەدەستدراوە، ئێستاش بە تەبابیی دەستکەوتی زیاترمان دەبێت."
دەشڵێت "پێویستە کورد و لایەنەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی لەم قۆناغە یەکڕیز بن، خەڵک قوربانی زۆری بۆ ئەم ئەزموونە داوە، پێویستە پارێزگاریی لێ بکەین، چونکە بەغدا مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستانی نەداوە، بۆیە پێویستە بەرژوەندی گەل لەسەرووی ھەموو بەرژوەندییەکان بێت، ھێشتا کات ماوە نێوماڵی خۆمان ڕێکبخەینەوە و بەیەک تیم بچینە بەغدا، دەتوانین بەرگەی ھەموو ناخۆشییەکان بگرین و دەستکەوتمان ھەبێت، بۆیە بۆ ڕابردوو، ئێستا و داھاتووش بۆ بەرھەمھێنانی دەستکەوتی زیاتر و پاراستنی دەستکەوتەکان، پێویستە یەکڕیزبین."
بڵند ئیبراھیم