Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسی لە عێراق: پێویستە حکوومەتی عێراق لەم ھێرشەی سەر کەرتی وزە بکۆڵێتەوە

بەغدا -KDP.info- سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسی لە عێراق دەڵێت: "ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر کەرتی وزە لە ھەرێمی کوردستان، بەھۆی ئەوەیە ھەرێمی کوردستان لەو بوارە زۆر پێشکەوتووە و چاویان بەو پێشکەوتنانە ھەڵنایەت".

دکتۆر ئیحسان شەمەری، سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسی لە عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان و کێڵگە نەوتییەکان و غاز دەکەنە ئامانج، ھەڕەشەی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئەمنی قەومیی عێراق، نەک تەنیا ئەمنی قەومی ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئەو ھێرشانە ھەڕەشەن بۆ سەر ھەموو وزەی جیھانی، بەھۆی ئەوەی وزە بۆ بازاڕی جیھان دابین دەکەن، بۆیە ئەمە کاریگەری لەسەر بازاڕی جیھانیش دەبێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی سەرکەوتووی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئەنجامداوە، ئەوەش بۆتە ھۆی سەخڵەتبوونی ھەندێک لایەن کە دژی ئەو ڕێککەوتنانەن، بۆیە لەڕێگەی ئەو ھێرشانە دەیانەوێت دژایەتی بکەن کە ئەستەمە بتوانن سەرکەوتووبن."
دکتۆر ئیحسان شەمەری گوتیشی "پێم وایە ئەو ھێرشانە بەشێکن لە ناکۆکی سیاسی و نایانەوێت ھەرێمی کوردستان لە دەستکەوتەکان بەردەوام بێت کە پێشکەوتنی زۆر باشی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمە فشارێکە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسی، ئەمنی و ئابووری، ڕەنگە بەهۆی ھەڵوێستەکانی ئەم دواییانەی ھەرێمی کوردستان بێت کە سەبارەت بە مامەڵەیەی بەغدا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەیکات گرتوویەتییەبەر."

سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسی لە عێراق گوتیشی "ئەوەی دەکرێت وەکو کارتێکی فشارە بۆ سەر کۆمپانیا بیانییەکانی لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن، بۆیە حکوومەتی عێراق کە بەرپرسە لە دابینکردنی ئەمنیەتی ھەموو عێراق و ھەرێمی کوردستان، پێویستە  بەجدی لێیبکۆڵێتەوە بۆ ئەوەی بزانێت کێ ئەو کارەی ئەنجام داوە."
شەمەری ڕوونیشی کردەوە "ئەو ھێرشانە چەند کاریگەری نەرێنییان لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەبێت دووھێندە کاری گەری لەسەر عێراق دەبێت، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق بەجدی کار لەسەر ئەوە بکات ئەو ھێرشانە دووبارە نەبنەوە، ناکرێت ئەو ھێرشانە بەو جۆرە بەردەوام بن و زیان بە وزەی ھەرێمی کوردستان بگەینن، چونکە ئەم زیانە بەر عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکەوێت."

بڵند ئیبراھیم