Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەبارەی هێرشەکانی سەر خۆرمۆڵە و سەرسەنگ ڕاگەیانراوێكی بڵاوکردەوە

ھەولێر-KDP.info- باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، پێویستە حکوومەتی عێراق ڕێگریی لە میلیشیاکان و گرووپە چەکدارەکان بکات.

سێشەممە 15ـی تەممووزی 2025، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق لە پەیامێکدا، سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، لە پەیامەکەشدا دەڵێت، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا سەرکۆنەی ئەو ھێرشە درۆنیانەی ئەم دواییە دەکات لە سەرانسەری عێراقدا، بە ھەردوو ھێرشی درۆنی 14 و 15 مانگی تەموزیشەوە بۆ سەر ژێرخانی گرنگی کێڵگە نەوتیەکانی خۆرمۆڵە و سەرسەنگ لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەڵێت، پێویستە حکوومەتی عێراق پیادەی دەسەڵاتی خۆی بکات بۆ ڕێگریکردن لە میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی دیکە بۆ ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە بۆسەر ئەو شوێنانە لە ناوخۆی وڵاتدا، بەو شوێنانەشەوە کە کۆمپانیا عێراقی و نێودەوڵەتییەکان وەبەرھێنانیان لە داھاتوی عێراقدا کردووە.

باڵیۆزخانەکە پێی وایە، ئەو ھێرشانە قبوڵکراونین و ھەڕەشەن بۆسەر سەروەری عێراق و تەگەرە دەخەنە بەردەم ھەوڵەکانی عێراق بۆ سەرنج ڕاکێشانی وەبەرھێنانی دەرەکی. دەڵێت، ھانی حکوومەتی عێراق دەدەین لێکۆڵینەوە بکات تا بزانێت کێ لە پەنای ھێرشەکانەوەیە و ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیان بکاتەوە.

سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی تەممووزی 2025، لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشێکی تیرۆرستی كرایە سەر كێڵگەی نەوتی سەرسنگ، لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک."