Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕاگەیاندراوێک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایدەگەیەنێت، بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر كێڵگەی نەوتی سەرسنک لە پارێزگای دهۆک و هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی تەممووزی 2025، لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشێکی تیرۆرستی كرایە سەر كێڵگەی نەوتی سەرسنک، لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک."

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی نەوتی سەرسنک "هیچ زیانێكی گیانی نەبووە."

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا باس لەوەش کراوە "ئەم هێرشە دوای ئەو هێرشەی دوێنێ ئێوارەوە دێت کە لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی خۆرمەڵە لە پارێزگای هەولێر."

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنە و شەرمەزار دەکات.

لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیای (HKN)ـی ئەمەریکی کە لەو کێڵگەیە کار دەکات، لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە، بەهۆی هێرشەکە، بەرهەمهێنانی نەوتیان وەستاندووە و جەختی کردووەتەوە، هەموو ستافی کێڵگەکە سەلامەتن و تەنیا زیانی ماددی هەیە. 

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، هێرشەکە کاتژمێر 7:00 ـی بەیانی کراوە و لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە کار بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەکەن و تاوەکو دڵنیا نەبنەوە بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێناکەنەوە.