Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بڕیارە ئەمڕۆ ڕێککەوتن لەسەر ئەو خاڵەش بکرێت و بیدەنە ئەنجوومەنی وەزیران

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، میوانداری وەزیری نەوتی عێراق کرا و باسی لەوەکرد، ڕێککەوتن لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کراوە و تەنیا یەک خاڵ ماوە ئەویش چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ لەسەر ئەو خاڵەش بگەنە ڕێککەوتن و ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێبدات و ھەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە.

دکتۆر سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، دوێنێ میوانداری وەزیری نەوتی عێراق کرا و لە چوارچێوەی میوانداریەکەش دا وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەکرد ئەو لیژنەی وەزاری عێراقی لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان پێکھاتووە ٤٨ کاتژمێری بۆ دانرابوو، بەڵام بەھۆی ئەوەی داوای ئامادەکردنی ڕاپۆرتیان لێکرابوو ھەندێک کاتی زیاتری پێویست بوو، بۆیە ئێستا لەسەر ھەموو خاڵەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن تەنانەت کۆمپانیایەکی جیھانی ڕاوێژکاری بێت خەملاندن بۆ تێچووی دەرھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەھەر کێلگەیەک بکەن کراوە و تەنیا خاڵێک ماوە بڕیارە ئەمڕۆ  ڕێککەوتن لەسەر ئەو خاڵەش بکرێت.

دکتۆر سەباح باسی لەوەشکرد، ئەو خاڵە بەغدا داوای کردووە بۆ پێداویستی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ٤٦ بەرمیل نەوت دەدرێتە ھەرێمی کوردستان و ھەرێمی کوردستانیش داوای ٦٥ھەزار بەرمیل نەوتی کردووە، بۆیە بڕیارە ئەمڕۆ بگەنە ڕێککەوتن و ڕاپۆرتی خۆیان بنووسن و بیدەن بە ئەنجوومەنی وەزیران و ئەوانیش بڕیاری لێبدەن، بۆیە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، وەزیری نەوتی عێراقیش زۆر گەشبین بوو ئەمڕۆ ڕێککەوتن بکرێت و ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.

 

بڵند ئیبراھیم