Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ستایشى هه‌نگاوه‌كانى پرۆسه‌ى ئاشتى ده‌كات

ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ ھەینی ٢٠٢٥/٧/١١ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندی سەرۆکایەتیی دەم پارتی و ژمارەیەک لە سیاسەتمدارانی کورد کرد کە ئەمڕۆ بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێکی گەریللاکانی پەکەکەدا، کردبوو.

لە دیدارێکدا شاندەکە سوپاس و پێزانینیان بۆ ڕۆڵ و ھەوڵەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی ئاشتیدا لە تورکیا دەربڕی، ھەروەھا دووپاتیان کردەوە کە بۆ ھەنگاوەکانی داھاتوو و سەرخستنی پرۆسەکە، چاویان لە بەردەوامیی پشتگیری و ھاوکاریی بەڕێزیانە.

لای خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی چڕکردنەوەی ھەوڵەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی کردەوە و ستایشی ھەنگاوی ئەمڕۆی چەکدانانی گەریللاکانی پەکەکەی کرد، ھەروەھا سوپاس و پێزانینی بۆ ھەوڵەکانی بەڕێز ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیای بۆ سەرخستنی پرۆسەکە ‌دووپات کردەوە.

ھەردوولا جەختیان کردەوە کە ئاشتی لە بەرژەوەندیی ھەموو لایەک و تورکیا و تەواوی ناوچەکەدایە و بۆ ئەم مەبەستە دەبێ ھەمووان تەواوی پشتگیریی لێ بکەن، ھەروەھا ھاوڕا بوون کە ھەنگاوەکانی داھاتوو، پرۆسەکە زیاتر دەباتە پێشەوە.

لە کۆتاییی دیدارەکەدا شاندەکە سوپاسی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانیان کرد بۆ ئەو یارمەتی و ئاسانکارییەی لە ھەموو ڕوویەکەوە بۆ بەڕێوەچوون و سەرخستنی ڕێوڕەسمەکەی ئەمڕۆی چەکدانان، پێشکەشیان کردبوو.