ھەولێر-KDP.info- لە ساڵی 2019 کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی پێکهێندرا، دوای سوێندخواردنی لە بەردەم نوێنەرانی خەڵكی کوردستان، کارنامەیەکی پڕ لە پلان و ئامانجی درێژخایهنى پێشکەش بە نوێنەرانی خەڵكی کوردستان کرد و ئامانجی خودی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆیەمیش، کوردستانێکی بەهێز بوو.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە بە پلانێکی ستراتیژییەوە هەنگاوی بەرەو بەهێزترکردنی کوردستان ناوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە سەرجەم سێکتەرەکان هەنگاو بە هەنگاو دەستی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانى کرد.
کشتوکاڵ

هەمەچەشنکردنی ئابووری یەکێك بوو لە سیاسەتەکانی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشووتر جووتیاران بەهۆی ساخنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان ناڕەزیی بوون، بەڵام ئێستا جووتیاران خۆشحاڵن بە ساخبوونەوەی بەرهەمەکانیان.
کابینەی نۆ هەنگاوی گرنگی بۆ سەقامگیری ئاسایشی خۆراك ناوە، بە جۆرێك لە ڕێگەی پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران چەندین سایلۆ و پەنکەری گەورەی دروست کردووە کە توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 800 هەزار تۆن گەنمیان هەیە و ساڵانە ئەم گەنمەی کە جووتیاران ناتوانن پێشکەشی سایلۆ حکوومییەکانی بکەن بەهۆی دیاریکردنی بڕێکی کەم لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە ئێستا ئەو گەنمە زیادەیە لە لایەن ئەم سایلۆیانە لە چوارچێوەی پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران وەردەگیرێن.
هەروەها بە پشتیوانیی حکوومەت بەرهەمەکانی هەنار، سێو، ترێ، سماق، تەحین، هەنگوین، قارچك و پەتاتە هەناردەی وڵاتانی کەنداو و ئەورووپا دەکرێن.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی، هێندە پێداگربووە لەسەر بەهێزترکردنی کەرتی کشتوکاڵی، کە وا یکردووە قەبارەی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی لە 1.8%ـەوە بەرز ببێتەوە بۆ 10%ـی تیکڕای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان. هەروەها لە کابینەی نۆیەمدا 30 هەزار خانووی پلاستیکی، 7 کارگەی بەرهەمی پەتاتە، 11 کارگەی جۆراوجۆری کشتوکاڵی و 101 کۆگای ساردکەرەوە دروست کراون کە هەزاران جووتیار و هاووڵاتی لێی سوودمەندبوونە.
ئەمە جگە لەوەی لە زۆربەی بەرهەمە پەلەوەرییەکان گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی و تەنانەت بەشێكی زۆر لە بەرهەمە پەلەوەرییەکان هەناردەی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێن.
