ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی ناکۆکیی نێوان چەند کەسێک لە سەر کێشەی زەوی و زار، گرژی و نائارامی لە ناوچەی خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر دروست بوو کە بە داخەوە بووە هۆکاری زیانی گیانی و ماددی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10/7/2025، وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، "لە ئەنجامی ناکۆکیی نێوان چەند کەسێک لەسەر کێشەی زەویوزار، گرژی و نائارامی لە ناوچەی خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر دروست بوو کە بەداخەوە بووە هۆی زیانی مرۆیی و دارایی."
ئەوەش خراوەتە ڕوو، "بە هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومی و حزبی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، توانرا هەر زوو ئەو کێشەیە سنووردار بکرێت و بە هاوکاریی خەڵکی دەڤەرەکە ناوچەکە ئارام کرایەوە، ڕێکاری یاساییش بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان و سزادانی سەرپێچیکاران دەستی پێکردووە."
وەزارەتی ناوخۆ داوا لە خەڵكی ناوچەكە دەكات، "بە قسەی ناحەزان و هاندانی دەستی گوماناوی هەڵنەخەڵەتێن و بەردەوام بن لە پابەندی بە ڕێنماییەکانی ئاسایش، هاوکاریش بن بۆ نەهێشتنی گرژییەکان و سەقامگیریی ئەو دەڤەرە."
لە ڕوونكردنەوەكەدا جەخت لەوەش كراوەتەوە، "ئارامی و ئاسایشی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و ڕێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نادرێت بە هەر مەبەستێک بێت، پەرە بە نائارامی و گرژی بدات.
وەزارەتی ناوخۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دڵنیا دەكاتەوە، "کوردستان هەر بە سەقامگیرترین ناوچە لە دەڤەرەکەدا دەمێنتەوە."