Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قاسم ئەعرەجی سەردانی مەزاری نەمرانی كرد

بارزان-KDP.info- ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سەردانی مەزاری نەمرانی لە بارزان کردوو ڕایگەیاند کە ئەوان جدیین لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان.

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە بارزانەوە بە میدیاکانی ڕاگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی سەردانی ھەرێمی کوردستانمان کرد، لەگەڵ سەرۆک بارزانی، ھەروەھا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووینەوە و چەندین بابەتمان تاوتوێ کرد.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەشی بەوەکرد: لە کۆبوونەوەکاندا ڕامانگەیاند کە پێویستە ڕێگەچارەیەکی جددی بۆ کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بدۆزرێتەوە بەپێی دەستوور و یاساکان.

قاسم ئەعرەجی جەختیشی کردەوە: سەرۆکوەزیرانی عێراق گرنگی بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەدات، ئێمە جددین لە چارەسەرکردنی کێشەکان و جددین لە کۆتاییھێنان بە کێشەکان کە سەرەکیترینیان بابەتی مووچەیە، ھەروەک دەزانن کە لێژنەیەک پێکھێنراوە بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە.