Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیر لە ڕێگەی KDPیەوە باسی ئەو شوێنانە دەكات كە زیاتر پەرەیان پێدەرێت

ڕاپەڕین-KDP.info- وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ KDP، باسی سێ پڕۆژەی گرنگی تەندروستی دەکات لە دھۆک و ڕانیە و چەمچەماڵ کە بڕی ١٢ ملیار دیناریان بۆ تەرخانکراوە، ئاماژە بەوەش دەکات کەرتی تەندروستی لە قەزاکان زیاتر پەرەی پێ دەدرێت.

دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە کرانەوەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە شاری ڕانیە ڕایگەیاند، "ئەو پڕۆژەیە لە درێژەی سێ پڕۆژەی ئێمەیە لەگەڵ ‌وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق، کە پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنە لە ڕانیە و ھەروەھا بەشی فریاکەوتن لە چەمچەماڵ لەگەڵ پڕۆژەی سەنتەری چاندنی مۆخی ئیسک لە شاری دھۆک کە، تێچووی ھەرسێ پڕۆژەکە زیاتر لە ١٢ ملیار دینارە و‌ لە ئێستادا ئەم سێ پڕۆژەیە تەواو بوون و لە ڕانیە بە شێوەی فەرمی دەستبەکار بوو و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا لە چەمچەماڵ بە فەرمیی دەکەوێتە کار و ماوەتەوە کەرەستە و پێداویستی پزیشکی کە تێچووەکەی ٤ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دینارە و ڕەوانە کراوە بۆ کۆمپانیای تایبەتمەند بۆ دابینکردنیان.

وەزیری تەندروستی ھەروەھا باسی دابینکردنی ستافی پسپۆڕی پزیشکی بۆ ئەو پڕۆژە تەندروستییانە کرد و گوتی، "وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاری زیاتر لەسەر پەرەپێدانی ئەم خزمەتگوزارییانە دەکەین و پزیشکی پسپۆڕ و ستافی پێویستیان بۆ دابین دەکرێ و ھاوکاتن لەگەڵ چەندین پڕۆژەیتری خزمەتگوزاری تەندروستی کە بوودجەیان بۆ دابینکراوە و نموونەیەکیتری ئەو جۆرە پڕۆژانە ئەوە بوو کە لە ھەفتەی ڕابردوو ڕۆژی پێنجشەممە نەخۆشخانەی ولادە لە شاری ھەولێر نۆژەن دەکرێتەوە و بە گوژمەی نزیکەی ٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە.

سامان بەرزنجی ھەروەھا سەبارەت بە پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی لە ھەرێمی کوردستان و سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، "پەرەپێدانی ئەم پڕۆژانە بۆ باشترکردنی کەرتی تەندروستی گرنگە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سیاسەتی ئەوەیە کە ئەو پڕۆژە گەورانە بەرێتە قەزاکانیش بۆ ئەوەی کەمترین ڕەوانەکردنی نەخۆش بۆ سەنتەری پارێزگاکان ھەبێت لە داھاتوودا.

 

سەلاح جەلال