هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەم، گرنگیدان بووە بە بەرهەمی ناوخۆ، بەتایبەت لە کەرتی کشتوکاڵ و تایبەتتر هێلکەی خواردن، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە سەرکەوتین و ئێستا ئێمە هەناردەکاری هێلکەین.
ڕێباز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لە هەرێمی کوردستان (٥٠) پڕۆژەی هێلکەی خواردنمان هەیە و توانای بڕی بەرهەمی ڕۆژانەیان دەگاتە ٢٣ هەزار کارتۆن هێلکە، هەر کارتۆنێک ٣٦٠ هێلکە لەخۆ دەگرێت، تایبەت بە پارێزگای هەولێر ٢٨ پڕۆژەی هێلکەی خواردنمان هەیە و بەرهەمی ڕۆژانەیان ١٣ هەزار کارتۆن هێلکەیە، بەڵام ئێمە لە هەولێر پێویستیمان بە ٣ هەزار کارتۆن هێلکەیە، بەم پێیەش بێت ١٠٠٪ قۆناغی خۆبژێویمان تێپەڕاندووە و هەناردەش دەکەین، چونکە بە ڕێژەکی زۆر لە پێویستیی ناوخۆ زیاترە، بۆیە بە نرخێکی باش و جێگیر دەست هاووڵاتیان دەکەوێت، کە ڕۆژانە هێلکەی خواردن هەناردەی ناوەڕاست و باشووری عیراق دەکەین بە هۆی بەرزیی کوالێتیی هێلکەکەشەوە داواکاریی زۆری لەسەرە لەلایەن هاووڵاتیانی ئەوانەوە، کە بەپێی ستانداردی جیهانی پێویستیی هەر تاکێک بۆ خواردن لە نێوان ١٣٠ بۆ ١٥٠ هێلکەدایە لە ساڵێکدا.

ڕێباز گوتیشی، هەموو پڕۆژەکان بەپێی ستانداردی جیهانی و بە باشترین کوالێتی بنیاد نراون، هەروەها بەردەوام لیژنەی تایبەتمەندمان سەردانی هەموو پڕۆژەکان دەکەن و ڕێنماییان پێ دەدەن و لە ڕەوش و کاروبارەکانیان ئاگادار دەبن، ئێمە لە پارێزگای هەولێر پڕۆژەمان هەیە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان گەورەترین پڕۆژەیە، کە بە تەنیا لە توانایدایە ٤٠٪ی پێویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین بکات.
ناوبراو پەیوەست بە بەرنامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەکو پاڵپشت بۆ خاوەن پڕۆژەکان ئاماژەی دا، بە هەموو شێوەیەک هاوردەکردنی هێلکەی خواردن قەدەغەیە، هەر ئەوەشە وای کردووە هەموو پڕۆژەکان کارا و بەرهەمدار بن، هەروەها لەم کابینەیەدا بە ڕژدی کار لەسەر کەمکردنەوەی تێچووی پرۆژەکان کراوە، بە نموونە لێخۆشبوونی گومرگی هەیە بۆ هەندێک لەو بەرهەمانەی کە لە ناوخۆدا نین، وەک (سۆیا، ڕۆنی ڕووەکی و زێدەی ئالیک)، لەگەڵ هەژمارکردنی کارەبای پڕۆژەکانی هێلکەی خواردن بە کشتوکاڵی لە بری بازرگانی.

دەشڵێت، مریشکی هێلکەی خواردن لە تەمەنی ٢٠ هەفتەیی دەست بە هێلکەکردن دەکات تا تەمەنی ٩٠ هەفتەیی بەردەوام دەبێت، لەم ماوەیەدا ڕێژەی هێلکەکردنی بە نزیکەی٣٦٠ دانە دەبێت، پاش تێپەڕبوونی تەمەنیان بەرهەمی هێلکە بەرەو کەمی دەچێت، بۆیە پڕۆژەکان ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی بۆشایی گەورە لە بڕی بەرهەم دروست نەبێت و هەموو کات مریشکی ئامادەکراوی ٢٠ هەفتەییان دەبێت تا بەردەوام بەرهەمدار بن، ئەم پڕۆژانەش بە هەزاران هەلی کاری راستەوخۆیان ڕەخساندووە، چونکە پڕۆژەمان هەیە زیاتر لە ١٠٠ کارمەندی لەخۆ گرتووە و ٩٥٪ی دەستی کاری خۆماڵییە و کرێکارەکانش خەڵکی هەرێمی کوردستانن.
بۆتان بههرام خۆشناو