Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ئاوی میوەی سروشتی خۆمانە بەرهەم دێنن"

دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک دەڵێت، لە پارێزگای دھۆک ئەمساڵ دوو کارگەی دروستکردنی ئاوی میوە، میوە لە جووتیاران وەردەگرن و ئاوی میوەی سروشتی بەرهم دێنن.

ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "لە پارێزگای دھۆک دوو کارگەی وەرگرتنی میوە دروستدەکرێن، یەکێکیان لە مانگێشکێیە و تەواوبووە، ئەمساڵ ترێ لە جووتیاران وەردەگرێت، کارگەی دووەمیش لە سێمێلە ٩٠%ی تەواوبووە، ئەمساڵ دەست بە وەرگرتنی میوە دەکات. چەند کۆگای ساردکەرەوەشمان ھەیە بە ئەوانمان داوە بۆ ئەوەی ھەموو جۆرە میوەیەک وەربگرن، سەرەتا ئەوانیش ترێ وەردەگرن و دەیکەنە ئاوی میوە دواتر سێو وەردەگرن، زیاتر ئەو میوانە وەردەگرن دەبنە ئاوی میوە، چونکە بەرھەمێکی زۆری میوەمان ھەیە."
ئەحمەد جەمیل گوتیشی "لە پارێزگای دھۆک بەرھەمی ترێی ئەمساڵمان دەگاتە زیاتر لە ٦٠ھەزار تەن، جا بەھۆی زۆری بەرھەمەکە ئەمساڵ زیاتر ترێ وەردەگرن و دەیکەنە ئاوی میوە، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ ئەوەی بازاڕ بۆ بەرھەمی جووتیاران بدۆزێتەوە، ھەر بۆیە ئێستا خەڵکێکی زۆر ڕووی لە کاری کشتوکاڵی کردووە، لە دھۆکیش بەرھەمی میوە زۆرە، بۆیە دوو کارگە دروستکراون، ئەمساڵ میوە لە جووتیاران وەردەگرن و ئاوی میوەی سروشتی خۆمانە بەرهەم دێنن."

بڵند ئیبراھیم