Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ماڵپەڕی KDP وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ ئاشكرا دەكات

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دوایین تاقیکردنەوەی پۆلی ١٢ی ئامادەیی ئەنجام درا و بڕیارە ھەر ئەم ھەفتەیە ئەنجامەکان ڕابگەیەندرێن. دەشڵێ، ئەمساڵ یەکەمەکان دیاری ناکرێن و ھیچ مەراسیمێکیش ساز ناکرێت و تەنیا ئەنجامەکان ڕادەگەیەندرێن.

د. سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ کۆتا تاقیکردنەوەی پۆلی ١٢ی ئامادەیی خولی یەکەم بوو، کە تاقیکردنەوەی فیزیا بوو لە زانستی و لە وێژەییش جوگرافیا بوو، کە ھەڵسەنگاندنی خۆمان ھەیە لە وەزارەت و تا ئێستا زۆر باش ھەڵسەنگاندنی بۆ کراوە، لەوانەیە لە ھەندێک ماددەدا جێگەی گفتوگۆ بێت، بەڵام ئێمە وەڵامی ھەموو گلەیی و گازندەیەکمان داوەتەوە و ئەو پرسیارانەی ھەڵە لای ئێمە بێت قەرەبووی قوتابیان دەکەینەوە، لەبەر ئەوەی حەوت تاقیکردنەوە ھەبوو و ھەر تاقیکردنەوەیەک ٥٠ پرسیار بوو، کە دەکاتە ٣٥٠ پرسیار، بۆیە ئاساییە ھەڵەیەک ھەبێت و گلەییش دەبێت و ئێمەش وەڵامی ھەموو گلەییەکانمان داوەتەوە و قەناعەتیشیان پێدەکەین.

د. سەیوان گوتیشی، "پرۆسەی تاقیکردنەوەکان بە گشتی سەرکەوتوو بووە و تا ئێستا ڕێژەی دەرچوون دیار نییە، چونکە لە خولی یەکەم بە تەواوی دیار نابێت و لە خولی دووەم دیار دەبێت بەھۆی ئەوەی ھەندێک قوتابی ھەموو تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام نەداوە، بۆیە ئەنجامی کۆتایی لە خولی دووەم دیار دەبێت و ئەمڕۆش کۆتا تاقیکردنەوە بوو و بە زوترین کات ئەنجامەکان ڕادەگەیەنین، کە لەم ھەفتەیە تێپەڕ ناکات و ئەنجامەکان ڕادەگەیەندرێن.

بریکاری وەزارەتی پەروەردە دەشڵێت، "بۆ ئەمساڵ ھیچ ڕێوڕەسمێک ساز ناکرێت و یەکەمەکانیش ڕاناگەیەنین، بەڵکو تەنیا ئەنجامەکان ڕادەگەیەنین لە ڕێگەی ئەلیکترۆنی و ئەوان خۆیان دەزانن نمرەکانیان چەند بووە و ئێمە ڕایناگەیەنین.

 

بڵند ئیبراھیم