Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زۆربەی كارەكانی تۆڕی ئاو لە زۆنی ڕێگەی كۆیە، كەركووك و مووسڵ تەواو بووە

هه‌ولێر-KDP.info- ئەمڕۆ شەممە 5/7/2025 ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە كارەكانی پڕۆژەی تۆڕی ئاوی هەولێر و بەستنەوەی بە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، پڕۆژەی تۆڕی ئاوی هەولێری لە زۆنی ڕێگەی كۆیە و كەركووك و مووسڵ و ڕەشكین و شەقامی زانكۆی بەسەركردەوە.

لەو بەسەركردنەوەیەدا ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر و كۆمپانیای جێبەجێكار و ئەندازیارانی پڕۆژەكە یاوەری وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بوون. 

سەرەتا لە كەمپی پڕۆژەكە بە داتاشۆ دوایین بەرەوپێشچوونی كارە جێبەجێكراوەكانی پڕۆژەی تۆڕی ئاوی هەولێر لە سنووری هەرسێ شارەوانییەكانی 4 و 5 و 6 خرایەڕوو و بەدواداچوون لەبارەی كارەكان و ئاستەنگ و چارەسەرییەكان كرا. دواتر ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پرۆژەكەی لە شەقامی زانكۆ بەسەركردەوە و بەدواداچوونی بۆ كارەكان كرد و جەختی لە تەواوكردنی لە وادەیەكی زۆر نزیكدا كردەوە. 

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەستخۆشی لە تیمەكانی جێبەجێكاری پڕۆژەكە كرد و هاوكات ئاماژەی بەوەش كرد گەورەپڕۆژەكانی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر و پڕۆژەی تۆڕی ئاوی هەولێر دوو پڕۆژەی گرنگن و بە بڕیاری ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێن و بەهۆیانەوە هەولێر و دەوروبەری لەڕووی خزمەتگوزاریی دابینكردنی ئاوەوە گرفتی كەمئاویان چارەسەر دەبێت.

تا ئەمڕۆ شەممە، زۆربەی زۆری كارەكانی پڕۆژەی تۆڕی ئاوی هەولێر لە زۆنی ڕێگەی كۆیە و كەركووك و مووسڵ كە ئەم زۆنە گەورەترین گرفتی كەمئاویان هەبوو وەك بنەسڵاوە و مامزاوە و قەتەوی و دارەتوو و باغلومنارە و باغەمرە و گەڕەكەكانی ژین و ژیان و ڕۆشنبیری و 8ی حەسارۆك و چەندین گەڕەك و شوێنی دیكەی دەرەوەی شەقامی 120مەتری تەواو بووە و كاركردنیش بەخێرایی بەردەوامە و لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا ئەم زۆنە گەورەیە تەواو دەبێت. 

سەبارەت بە زۆنەكانی دیكەی پڕۆژەكەش، بە هەمان شێوە كاركردن تێیاندا بەردەوام دەبێت و لە ماوەی دیاریكراوی خۆیدا سەرجەم كارەكانی پڕۆژەكە تەواو دەكرێت و بە یەكجاری گرفتی ئاوی هەولێر و دەوروبەری چارەسەر دەبێت.