Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەکبەر حەیدەر: ئەو بڕیارە بۆ مەرامی سیاسی و بچووککردنەوەی خانەقینه‌

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق بۆ مەرامی سیاسی و بچووکردنەوەی خانەقین، دەیەوێ قەرەته‌پە بکاتە قەزا و ھەردوو ناحیەی جەبارە و کۆکز بخاتە سەر ئەو قەزایە، کە ئەمەش بە ھیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی کورددا نییە و پێویستە ڕێگری لێ بکرێت.

ئەکبەر حەیدەر خان، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ھەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بەردەوامن بۆ ئەوەی ناحیەی قەرەتەپە بکرێتە قەزا بۆ مەرامی سیاسی و بچووککردنەوەی قەزای خانەقین، وەکو چۆن خانەقین پشتگوێ خراوە لە خزمەتکردن، دەیانەوێت زیاتر پشتگوێ بخرێت، ئەگەرنا ئێمە وەکو پارتی ھەمیشە پێشوازی لە ھەر بڕیارێک دەکەین بۆ خزمەتکردنی خەڵکی ناوچە بدرێت، بۆیە ئەو بڕیارە بۆ خزمەتکردن نییە و بۆ دابڕانی ئەو ناحیانەیە لە قەزای خانەقین و دەیانەوێت ھەردوو ناحیەی جەبارە و کۆکز بخەنە سەر قەزای قەرەتەپە.

ئەکبەر حەیدەر خان گوتیشی، ئەو بڕیارەی حکوومەتی عێراقیش بۆ دوو مەبەستە، ئەوانیش خزمەتگوزاری لە خانەقین نەبێت و دووەمیش دەنگدەری کورد لە خانەقین کەم بکرێتەوە، لە کاتێکدا ئەم ناوچانە دەکەونە سنووری ماددەی ١٤٠ و نابێت حکوومەتی عێراق تاکلایەنە بڕیاری لێ بدات و پێویستە ھەر بڕیارێک لەو ناوچانە بدرێت، لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و عێراق بێت نەک تاکلایەنە، کە پێچەوانەی دەستوورە و ئەوانیش بڕوایان بە دەستوور نییە.

دەشڵێت، ئەوەی حکوومەتی عێراق دەیکات لە چوارچێوەی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیە و ئەوەی لە بەرژەوەندیی خۆیانە ئەوە ئەنجام دەدەن و ئەوەی لە بەرژەوەندیی کورد بێت دژن، بۆیە مەبەستی سیاسی لە پشت ئەو بڕیارە ھەیە، ئەگەرنا ئێستا کێ دەستی گرتوون بۆ خزمەتکردنی خەڵکی ئەو ناوچانە و ئەوەی کراویشە بە ھەوڵی نوێنەرانی کورد بووە لە بەغدا، بۆیە پێویستە کورد بۆ ئەم بڕیارە یەکدەنگ بێت و ڕێگە نەدات بڕیاری لەو شێوەیە دژی کورد جێبەجێ بکرێت و ھەڵوێستی ھەبێت، چونکە ئەم بڕیارە زیان بە کورد دەگەیەنێت و لە بەرژەوەندیی کورددا نییە.

 

بڵند ئیبراھیم