Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڤیان دەخیل بۆ KDP: ھەرێم دەیەوێ بە شێوەی ڕیشەیی کێشەکان چارەسەر بکات

هه‌ولێر-KDP.info- گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێ لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات بە شێوەی ڕیشەیی نەک مانگانە ئەو کێشانە دووبارە ببنەوە.

ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "ئێمە وەکو ھەرێمی کوردستان دەمانەوێ لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ کێشەی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا لەبارەی مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت، بەڵام بەغدا پابەندی ڕێککەوتنەکان نابێت، ئەگەرنا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندی ھەموو ڕێککەوتنەکانە و ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، ئەوانیش نەناردنی مووچە وەکو کارتێکی سیاسی بەرامبەر بە خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەکار دێنن، کە حەق نییە بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکەن و مووچەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکەن.

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی، "بەغدا بەردەوام بیانوو بە ھەرێمی کوردستان دەگرێت لە داھاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان و نەوت، ھەمووشی بیانووە و وەکو کارتێکی فشارە بۆ مەرامی سیاسی لەسەر ھەرێمی کوردستان، چونکە لە ھەڵبژاردن نزیک بووینەتەوە و دەیانەوێت بەو جۆرە دەنگی زیاتر لە عێراق بەدەست بێنن، بۆیە ناکرێت مووچەی فەرمانبەران وەکو کارتێک بۆ مەرامی ھەڵبژاردن بەکار بێنن، چونکە ئێستا ھەموو کارێک دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن دەنگ بەدەست بێنن لە ھەڵبژاردندا، ھەندێک لایەنیش ھەموو ڕێگه‌یەک دژی ھەرێمی کوردستان بەکار دێنن و پێیان باشە بەو شێوەیە دژایەتیی ھەرێم بکرێت.

ڤیان دەخیل دەشڵێت، پێویستە بەپێی یاسا و دەستووری عێراق مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەدەست بێنین و ناکرێت ئەوان باس لەوە بکەن ئێمە بەھێزین و ناینێرین، بۆیە پێویستە ھەر چۆنێک بێت مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکەن و ناکرێت مانگانە ئەو گرفتە بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان دروست بکرێت، بۆیە پێویستە چارەسەری ڕیشەیی بۆ ئەوکێشەیە بدۆزرێتەوە، چونکە بەداخەوە عێراق خاوەن بەڵێنی خۆی نییە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان و ئەو بەڵێنانەی دەیدەن.

 

بڵند ئیبراھیم