سۆران -KDP.ifo- پسپۆرێكی جوگرافیای سروشتی سه‌باره‌ت به دیارده‌ی به‌بیابان بوون و گۆڕانی كه‌شوهەوا و ئاو هۆشداری ده‌دات، دەڵێت"ئه‌و دیارده‌یه ده‌بێته هۆی کۆچی ژینگه‌یی و گۆڕانی دیموگرافی له عێراق و هه‌رێمی كوردستان دروست دەکات."
پ.ی. دکتۆر عمر حسن حسین، سەرۆکی بەشی جوگرافیا لە زانکۆی سۆران له‌سه‌ر مه‌ترسی و دۆخی به‌بیابانبوون له ناوچه‌كه به هۆی گۆڕانی كه‌شوهەوا و ئاو بۆ ماڵپه‌ڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی "بەپێی پێناسەی ڕێكخراوی خۆراكی جیهانی بەبیابانبوون بریتیە لە بەرەودوا گەڕانەوەی بەرهەمهینان، بەو پێیە ئەو دیاردەیە تەنیا وشكانی ناگرێتەوە بەڵکو ڕووبەرە ئاویەكانیش دەگرێتەوە، بەشێکی پاشه‌كشێی به‌رهه‌مهێنان بە به‌بیابانبوونه‌وە بەندە."
هۆكاره‌كانی به‌بیابانبوونیشی ڕوونكرده‌وه "بەبیابانبوون بە پلەی جیاواز لە سووك تا دەگاتە سەخت ڕوودەدات، بەهۆی كاریگەری چەندین فاكتەر كە هەندێكیان مرۆیین، وەكو (گەشەی خێرای دانیشتوان و پێداویستەكانیان، ماندووكردنی خاك بۆ كشتوكاڵ، چاندنی نەگونجاو، لەوەڕاندنی زێدەڕۆ، پەیڕەونەكردی ئاودێری دروست، كێڵانی زەویی هەڵە و بڕینەوەی دارستانەكان)، هەندێكیشیان سروشتین، وەكو (ئاووهەوا، كەمی باران، گەرمبوونی گۆی زەویی، داماڵانی خاك و گەردەلوولەكان ...هتد)."
دكتۆر عمر ده‌ره‌نجامه‌كانی به‌بیابانبوونی له 8 خاڵی دیاریكراودا خسته ڕوو و گوتی
"1. لەدەستدانی خاكی بەپیت كە دەبێتە هۆكاری دابەزینی بەرهەمی كشتوكاڵی و لەدەستدانی توانا بۆ دابینكردنی خۆراك.
2. لە ئەنجامی دابەزینی بەرهەمی خۆراك، ئاسایشی خۆراك دەكەوێتە مەترسییەوە كە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی.
3. لەدەستدانی سەرچاوەكانی ئاوی ژێر زەوی و سەر زەویی.
4. چالاكبوونی گەردەلوولە خۆڵاوییەكان.
5. لەناوچوونی جۆراوجۆری زیندەگی.
6. زیاتر گەرمبوونی زەویی.
7. كێشەی كۆمەڵایەتی وەك كۆچی ژینگەیی، شەڕ لەسەر سەرچاوەكانی ئاو، هەژاری و بێكاری.
8. لایەنی ئابووری، لە دەستدانی سامانی سرووشتی و بەرز بوونەوەی تێچووی چارەسەری كێشە بەرهەمهاتووەكان."
ئه‌و پسپۆرەی جوگرافیای سروشتی، ئەو مه‌ترسیه‌ی له‌سه‌ر ئاستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌م شێوه‌یه خسته ڕوو و ڕوونیكرده‌وه "له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق دیارده‌ی به‌بیابانبوون زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام لە هەرێمی گوردستان بەهۆی شێداری و پتەوی ژینگەكەی بەراورد بە عێراق كه‌متر دیاره، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی كۆچیی ژینگه‌یی دروست كردووه، كۆچی ناوچه زۆنگاوییه‌كانی عێراق كه وشك بوون دیارترین نموونه‌یه‌تی و گۆڕانی دێموگرافی لێده‌كه‌وێته‌وه."
سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ریی ئه‌و گرفته ژینگه‌ییه ناوبراو گوتی "بەبیابانبوون كێشەیەكی جیهانییە و چارەسەری پێویستی بە هەوڵی هاوبەشی هه‌مه لایه‌نه‌ی حكوومه‌ته‌كان و ڕێكخراوه‌كان هه‌یه، وه‌ك سیاسه‌تی بەڕێوەبردنی زەوی و خاك، زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی بەدارستانكردن، بەڕێوەبردنی زانستی دەرامەتی ئاو، ڕێگریكردن لە لەوەڕاندنی زێدەڕۆ، فێركردنی دانیشتوان بۆ ڕێگەكانی كشتوكاڵی پایاری و بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەكان، دابینكردنی داهاتی جێگرەوە و بەكارهێنانی زانیارییە سەتەلایتییەكان بۆ چاودێری گۆڕانكارییەكانی زەوی."
سه‌لاح جه‌لال