هه‌ولێر-KDP.info- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی چاكسازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێ، لێبووردنی تایبه‌ت بۆ ئه‌و حوكمدراوانه‌ی نه‌خۆشیی درێژخایه‌نیان هه‌یه ده‌رده‌كرێت و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وەش كرد، لیژنه‌یه‌ك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێكهاتووه.
ئیحسان بابان، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی چاكسازییه‌كانی هه‌رێم، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند، پلانمان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌رە‌باڵغیی ناو چاكسازییه‌كان هەیە، چونكه له‌ناو هۆڵە‌كانی چاكسازیدا قەرەباڵغییەکی زۆر هەیە، پلانه‌كەش بۆ دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه، پلانی یه‌كه‌ممان ئه‌وه بوو لێبووردنی گشتی ده‌ربكرێت، به‌ڵام به‌هۆی كارانه‌بوونی په‌رله‌مانی كوردستان نه‌مانتوانی لێبووردنی گشتی ده‌ربكه‌ین، پلانی دووه‌میش بیرمان له‌وه كرده‌وه لێبووردنی تایبه‌ت بۆ حوكمدراوانی نه‌خۆش ده‌ربكه‌ین.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی چاكسازییه‌كان ده‌شڵێت، به‌پێی داتای به‌رده‌ست 135 حوكمدراو نه‌خۆشیی درێژخایه‌نیان هه‌یه له‌ناو چاكسازییه‌كان، له قۆناغی یه‌كه‌مدا توانیمان 35 كه‌س ئازاد بكه‌ین و دوای رێكاره‌كان له ساڵی رابردوو ئه‌و 35 كه‌سه به‌ر لێبووردنی تایبه‌ت كه‌وتن.
بابان روونیشی كرده‌وه، ئێستا له قۆناغی دووه‌مین و دوێنێ له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان كۆبووینه‌وه، نازانین چه‌ند حوكمدراو سوودمه‌ند ده‌بن له قۆناغی داهاتوودا، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشیی درێژخایه‌نیان هه‌یه وه‌ك شێرپه‌نجه و شه‌له‌ل ده‌ماغ و نه‌خۆشی دیكه، لیژنه‌یه‌ك پێكهاتووه له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و نوێنه‌ری ناوخۆ كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش و داواكاری گشتی و مافی مرۆڤ، کە كار بۆ ده‌ركردنی لیبووردنی تایبه‌ت ده‌كات، ئه‌وانه‌ی مه‌رجه‌كان ده‌یانگرێته‌وه سوودمه‌ند ده‌بن و دڵنیام ئه‌مساڵ لێبووردنی تایبه‌ت ده‌رده‌كرێت.
قائید میرۆ