ھەولێر-KDP.info- ئەمرۆ پێنجشەممە بە ئامادەبوونی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندورستی و ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر نەخۆشخانەی لە ئافرەتان و دایکبوونی فێرکاری، بە گوژمەی دوو ملیار و سێسەد ملیۆن دینار، بە ستاندەردی بەرز نۆژەن دەکرێتەوە.
لەو ڕێوڕەسمەدا، دوای دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەکە، پارێزگاری ھەولێر ستایشی بیرۆکە و جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی کرد، کە زادەی گرنگیدانی ڕێزدار سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بە کەرتی تەندورستی، ھاوکات سوپاسی بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و کارمەندان و ھەموو ئەوانەی کاریان کردووە و ئەرک لەو پڕۆژەیەدا دەکێشن کرد، کە بەشێوەکی ڕێکوپێک ئەرکەکانیان ئەنجامداوە و ھیوای خواست لە ماوەیەکی پێوانەیی پڕۆژەکە تەواو بکرێ، تاوەکو ھاووڵاتیانی شاری ھەولێرو دەورووبەری سوودی لێ وەربگرن و بخرێتە خزمەتی ھاووڵاتیان بە گشتی و ئافرەت و منداڵان بە تایبەتی.
پارێزگاری ھەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، کە وێڕای قەیرانی دارایی، حکوومەتی عێراق و یاریکردن بە قووتی فەرمانبەران، کە چەندین ساڵە بەرۆکی حکوومەتی ھەرێمیان گرتووە، بەڵام پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە ھەولیری پایتەخت بەتایبەت لە بواری نەخۆشخانە و درووستکردنی شەقام و نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکان بەردەوامیان ھەیە و لەسایەی ئەم حکوومەتە و بە ھەوڵی ھەموو لایەک بەردەوام دەبین .
شایەنی باسە نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکە پێکھاتووە لە کردنەوەی بەشی نوێ و دروستکردنی بەشەکانی ھۆڵی نەشتەرگەری و چاودێری چڕی منداڵەکان و منداڵە ناکامەکان و قاوش و ھۆڵەکانی لەدایکبوون بۆ چارەسەری نەخۆشانی ئافرەتان و لەدایکبوون و نەخۆشییەکانی منداڵان و دروستکردنی خانووی پزیشکان.
