Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیوا عەبدولخالق: داوا لە ھێزەکانمان دەکەین لەمەودوا چاوکراوەتربن

بەغدا-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ماوەیەکە جموجۆڵی داعش لە عێراق و ناوچە کوردستانییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بۆیە پێویستە عێراق ئەمە بەھەند وەربگرێت و چاوکراوەتر بن لەجاران، ھەرچەندە ھێزی پێشمەرگە بە ھاوکاریی ھاوپەیمانان لە ئامادەباشیی تەواودان.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ماوەیەکە جموجۆڵی داعش بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەمەش دوای ڕووداوەکانی ناوچەکە دۆخی عێراق وای لێ ھاتووە کە داعش جموجۆڵی لە ناوچەکانی ئەنبار و کەرکووک و سەڵاحەددین و دوزخورماتوو و داقوق زیاد بکات و پێش دوو رۆژیش کاتژمێرێک شەڕ لە نێوان داعش و سوپای عێراق ڕووی دا و ڕۆژانە داعش بە قۆناغ بەردەوام لە زیادبووندان، ئەمەش بۆ بارودۆخی ناوچەکە و گۆڕانکارییەکان دەگەڕێتەوە، بۆیە ھەست دەکەین بەرنامەیان زیاتر بووە لە ھێرش و کردەکانیان، بۆیە ئێستا توندتر و ژمارەیەکی زیاتر لە جاران ھێرش و کردەکانیان ئەنجام دەدەن.

نوێنەری حکوومەتی ھەرێم گوتیشی، ئەوەی دەکرێت بە ناوی داعش ئەنجام دەدرێت و چارەسەریش لە بەغدایە، ئێمەش وەکو ھەرێمی کوردستان لەو ناوچانەی دەکەونە سنووری نێوان ئێمە و ھێزە عێراقییەکان، ئامادەباشیی زیاتر بکەین ھەرچەندە ھێزی پێشمەرگە زۆر باش سنوورەکانیان کۆنتڕۆڵ کردووە، بەڵام پێویستە شوێنەکانی خۆمان باشتر بپارێزین و توندوتۆڵتری بکەین و چاوکراوەتر بین بەراورد بەپێشوو، ببۆیە ھەماھەنگیی باشیشمان لەگەڵ عێراق ھەیە و ھاوپەیمانانیش ھاوکاریی باشی ھێزی پێشمەرگە دەکەن و ھاوکار و پاڵپشتن.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت دەشڵێت، ئێستا جموجۆڵی داعش بەردەوام لە زیادبووندایە و ئێمەش پێویستە خۆمان باش ئامادە بکەین، بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر ئێمە نەبێت، چونکە بارودۆخەکە بەرەو گۆڕانکاریی گەورە دەڕوات و مەترسیی داعش زیاتر دەبێت، ھەرچەندە ئێمە پشتئەستوورین بە ھێزەکانی خۆمان، لەبەر ئەوەی لەمەودوا مەترسی بۆ سەر مووسڵیش دروست دەبێت، بۆیە داوا لە ھەموو ھێزەکانی خۆمان دەکەین لەمەودوا پێویستە چاوکراوەتر بین بۆ ئەوەی ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئێمە نەبێت و عێراقیش ئەوە زۆر بەھەند وەربگرێت، چونکە زیاتر کاریگەری لەسەر عێراق ھەیە.

 

بڵند ئیبراھیم