Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی و حزبی گەلی تورکمانی و تورکمانئیلی تیشکیان خستەسەر خزمەتکردنی زیاتری کەرکووک

کەرکووک-KDP.info- شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، سەردانی حزبی گەلی تورکمان و حزبی تورکمانئیلی کرد، لە دانیشتنەکەی نێوانیاندا تیشک خرایە سەر پەیوەندی لەمێژینەی ھەردوو گەلی کورد و تورکمان لە شاری کەرکووک.

ئەمڕۆ ٢-٧-٢٠٢٥، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بە سەرۆکایەتی ھیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی بارەگای (حزبی گەلی تورکمان)ـیان کرد لە شاری کەرکووک و لەلایەن (عیرفان کەرکووکی) سەرۆکی حزب و جێگری سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیان پێشوازی گەرمیان لێکرا.

لە سەردانەکەدا باس لە گرنگی تەبایی نێوان پێکھاتەکان کرا و تیشک خرایە سەر پەیوەندی لەمێژینەی ھەردوو گەلی کورد و تورکمان لە شاری کەرکووک. ھەردوولایەن پێیان وابوو کە گرنگە حزبە سیاسیەکان ھەوڵبدەن ببەنە فاکتەری بەھێزکردنی تەبایی بۆ دابینکردنی کەشێکی بەرھەمدار لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا.

ھاوکات لە دڕێژەی سەردانەکەیان بۆ لای حزب و لایەن سیاسیەکانی کەرکووک، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن سەردانی بارەگای (حزبی تورکمانئیلی) کرد لە شاری کەرکووک کە حزبێکی دێرینی تورکمانیە، و لەلایەن (ریاچ ساری) سەرۆکی حزب و جێگری سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پێشوازی گەرمیان لێکرا.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی ئامانجی سەردانەکەیان ڕاگەیاند کە باس لە گرنگی پێکەوە کارکردن کرا لەپێناو بەرژەوەندی ھەموولایەن و پێکھاتەکان و تیشکیان خستە سەر خزمەتکردنی زیاتری شاری کەرکووک لەپێناو فەراھەمکردنی کەشێکی لەباری پێکەوەژیان و دۆستانە.