Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت

پشتیوان سادق

ماوەیەکە ھەرێمی کوردستان بەناو قۆناخێکی ئاڵۆزی ئابووریدا ڕەتدەبێت، بەڵام کاک (مەسروور بارزانی)، تواناکانی خۆی چڕ کردۆتەوە، کە بە باشترین شێوە بتوانێت بەناو ئەو قۆناخە ئاڵۆزکاوەدا تێپەڕ ببێت، کە زیاتر قۆناخێکی دروستکراوە بۆ ئازاردانی حکوومەتی ھەرێم و گەلە تێکۆشەرەکەی.

لە ھیچ وڵاتێک ھێندەی پەیوەندیی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان (KRG) لە ھەولێر و حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا، بە شێوەیەکی تراژیدی بەردەوام نەبووە. ئەو چەندین جارەی ڕووبەڕووی بنبەست بوون و دووبارەبوونەوەو چەندین زنجیرەی ناکۆکیی پچڕپچڕ لەسەر بوودجە، نەوت، یان خاک کە ئەمانەش بە تەنھا نین، بەڵکو ئەوانە ڕاچڵەکینەکانی یەک قەیرانی درێژخایەنن کە ڕەگی لە خودی ڕۆحی دەوڵەتی پێشووی عێراقەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات داکوتاوە. بە دیوەکەی تر ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا چیرۆکی نەتەوەیەکی ئینکار لێکراوە، گەلێک لەسەر دەستی دەوڵەتێکی ناوەندیی عێراقی تووشی جینۆساید (شاڵاوی ئەنفال) و چەوساندنەوەی سیستماتیک بووەتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، ئۆتۆنۆمی یان فیدڕاڵی ئیمتیازێک نەبووە کە لەلایەن بەغداوە بەخشرابێت، بەڵکو مافێکە کە بە خوێن و بەرخۆدان بەدەست ھاتووە. ئەو فیدراڵیزمەی لە دەستووری ٢٠٠٥دا چەسپێنراوە، کەمترین ئاستە بۆ مانەوەی کورد لەگەڵ بەغدا. ھەر ھەنگاوێکی بەغدا بۆ ناوەندیکردنی دەسەڵات لە ڕێگەی ھەمان ئەو سیاسەتەی ڕابردوو کە پڕە لە برینی قووڵ و ساڕێژ نەبوو ئێستا دۆخێکی نوێ ھاتۆتە پێشەوەو ناکرێت ھەمان سیاسەتی ڕابردوو زیندوو بکرێتەوەو نەتەوەیەک بخاتەوە ناو برین و خوێن و ئازار. ئەمەی بەغدا دەیکات کە برسیکردنی خەڵکی کوردستانە، قۆناغ بە قۆناغ، جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ قۆناغەکانی شاڵاوی ئەنفال، چونکە ئەقڵییەتەکە بەرەو ھەمان ئەقڵییەت دەڕوا.

خەریکە کاریگەریی تارماییەکانی ڕابردوو پەرەیانپێدەدرێ و عێراقیشی لەگەڵ خۆیدا ئیفلیج کردووە، ھەموو دانوستانێک لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەدا، لەژێر قورسایی بیرەوەریی ھێرشە کیمیاییەکانی ڕژێمی پێشوودا بەڕێوەدەچێت، ھەموو جوولە پێکردنێکی ھێزەکانی فیدراڵی لە نزیک ناوچە جێناکۆکەکان، لە ڕوانگەی داگیرکارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ڕابردوو تەواو نەبووە، ھێزێکی چالاک و زیانبەخشی ئێستایە، پێویستی بە چارەسەری بنەڕەتی و ئەقڵانییە، عێراق ناتوانێت ببێتە عێراقێکی نوێ و فیدڕاڵی، ئەگەر چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نەکات.

ئەو ستەمەی ئێستا لەلایەن دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵەوە بەرامبەر بە کورد دەکرێت، ڕێگری لە چارەسەری درێژخایەن دەکات، سەرکردە سیاسییەکان، دەیانەوێت چارەسەری کاتی بکەن بۆ ئەوەی فشارە ھەنووکەییەکان کەم بکەنەوە، بەڵام ئەو سیاسەتە متمانەکە ناشیرین دەکات و دەیشێوێنێت، عێراق تا نەگاتە ئەو بڕوایەی کە کوردستانێکی سەقامگیر، گەشەسەندوو، پارێزراو، سەرمایەیەکی ژیانییە بۆ عێراقێکی فیدڕاڵ و سەقامگیر و پارێزراو، ناتوانرێت مامەڵەی تەندروست لەگەڵ یەکتری بکەین.

قەیرانی بەغدا-ھەولێر نموونەیەکی بچووککراوەی تەحەددا گەورەکانی سەدەی بیست و یەکە: چۆنیەتی ئاشتکردنەوەی ناسنامە جیاوازەکان لەناو یەک دەوڵەتدا، چۆنیەتی دابەشکردنی سەرچاوەکان لە جیھانێکی دوای ئایدیۆلۆژیادا و چۆنیەتی دروستکردنی متمانە لە شوێنێکدا کە مێژوو تەنھا تۆوی خیانەتی تێدا چاندووە، خەباتێکی بەردەوام و جدی دەوێت، ئەم خەباتە بەردەوام و جدییە، لەلایەن بەڕێز (مەسروور بارزانی)یەوە، زۆر بە جدی کاری لەسەر دەکرێت و ئەو پشوودرێژی و بەردەوامبوونەی لە ئەنجامی چەوساندنەوەی زیاتر لە یەک سەدەی گەلی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە، سەرەڕای ئەوەش ھەمیشە ھەوڵی ئەوەی داوە، ڕێککەوتنەکان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوورو مافە دەستووری و یاساییەکاندا بێت، گرفتی گەورە ئەوەیە بەغدا ھەمیشە لاوازکردنی قەوارەی ھەرێم و برسیکردنی گەلی کوردستان بە سەرکەوتنی خۆی دەزانێت، کە ئەمە ئەقڵییەتی ڕژێمی پێشوو بوو.

سەبارەت بەو حیزبە سیاسییانەی کە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن ناوزەد کردووە، بە درێژایی مێژوو، لە زۆربەی وڵاتانی دنیا کاتێک وڵاتێک دەکەوێتە نێو شەڕێکەوە، ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکە، ھەموو چالاکییەکانی خۆیان دژ بە دەوڵەتەکە ڕادەگرن، لە ئیسرائیل و ئێران دوو نموونەی زۆر تازەن، ئۆپۆزیسیۆنەکان ئیستغلالی دۆخەکەیان نەکرد، کەچی لە ھەرێمی کوردستان، نەک ھەر چالاکییەکانی خۆیان لەناو سۆشیال میدیا زیاد کردبوو، بەڵکو ڕێکلامیان بۆ دەیان بوختان و قسەی ھەڵبەستراویان دەکرد کە دژ بە حکوومەتی ھەرێم و تەنانەت دژ بە گەلی کوردستانیش بوو، تا ئێستا یەک ھێزو لایەنی سیاسی (ئەگەر ناویان لێ بنێین ئۆپۆزیسیۆن)، بەرامبەر بە برسیکردنی خەڵکی کوردستان بۆ جارێکیش پەنجەی تۆمەتیان بۆ بەغدا درێژ نەکردووە، ئەمە لە ھەر وڵاتێکی دیکە بوایە، لێپێچانەوەی توندی لەسەر دەکرا.

سەبارەت بە ڕاگەیاندن و ئەوەی پێیدەوترێ سۆشیال میدیا، بەڕێزان، ھەموو ئەو ئامرازانەی کە دروستبوونە بەرھەمی خەباتی گەلی کوردستانە، جا حیزب بێت (بە حیزبی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە) یان ئەو ڕاگەیاندنە زەبەلاحە بێت کە ئێستا لە ھەموو بوارێکەوە خۆیان گەرم کردووە، پێویستە بۆ خزمەتی خۆمان بێت وەک کورد.

سۆشیال میدیا کە گۆڕەپانێکی فراوانی لە کوردستان دروستکردووە، پێمانوابوو دەتوانێت پەیوەندی ببەستێت، گفتوگۆ بکات و ھۆشیارییەکی ڕۆشنگەرانە و یەکگرتووانە بۆ خزمەتی نیشتمانە سووتماکەکەمان پێکبھێنێت، بەڵام بە داخەوە نەمانبینی کە سۆشیال میدیا خزمەتگوزارییەکی گشتی یان موڵکێکی ھاوبەشی بێلایەنانە بێت، بەڵکو بوو بە خاکێکی بازرگانی و بوونەوەرێکی بێدەنگ ھەڵیدەسووڕێنێت کە تەنھا یەک بەرژەوەندیی ھەیە ئەویش سەرنجڕاکێشانە، دوور لە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و خاک.

کاتێک سۆشیال میدیا گرنگی بە ڕاستی نادات و، بەرامبەر بە ئارامیی کۆمەڵایەتیش بێباکە و، ھیچ وەبەرھێنانێک لە سەقامگیریی درێژخایەنی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا ناکات، تەنھا لە خولگەی کاردانەوەی کورتخایەنی ھان دراو بە دۆپامیندا ھەیە کە "ھاووڵاتیانی" واتە بەکارھێنەرانی پەیوەست دەکات بە دۆمەینەکەیەوە. ئەمە خۆی لەخۆیدا قەیرانە یان دەبێتە قەیران و پێویستی بە چارەسەرکردنی بابەتییانە ھەیە.

گەلی کوردستان لە بەرامبەر بەغداو جیھاندا یەک چارەنووسی ھەیە، ھەموو ڕەخنەیەک پێویستە لە زەمینەی بەرژەوەندی نیشتمانییەوە بێت و بە لێکتێگەیشتن و ھەماھەنگیکردنی یەکتری بە بەردەوامی  چارەسەری بکەین، ھیچ شتێک بە ھاش و ھووشی ناو سۆشیال میدیا چارەسەر نابێت، ئەم ھات و ھاوارکردنە، تەنیا  بۆ لاوازکردنی ئیرادەی خەڵک و نەھێشتنی متمانە بە یەکتر و چاندنی تۆوی نائومێدییە، بۆیە با لەجیاتی ئەوانە، زمانی لە یەکتێگەیشتن و ھەماھەنگی یەکتری و، بەھێزکردنی متمانەو ژیان لەپێناو ھیواکانماندا بخەینە کار.

بەڕێزان، بە ھەوڵی بەردەوامی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێز (مەسروور بارزانی) لەم ڕۆژانەدا "کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت کە مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە، بێگومان حکوومەتی ھەرێمیش خۆی بە بەرپرسی مافەکانیان دەزانێت، بۆیە سەرۆکی حکوومەت زۆر جاران دەڵێت: فەرمانبەران ئەرکیان لەسەر شانمانەو قەرزاریانین.