هەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سوپاسی باڵیۆزی فینلاندی لە عێراق کرد بۆ ھەوڵ و کارکردنی لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ـی تەموزی ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئانو سارێلا، باڵیۆزی فینلاند لە عێراق کرد بە بۆنەی کۆتاییھاتنی ئەرکە دیپلۆماتییەکەی .
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی باڵیۆزی کرد بۆ ھەوڵ و کارکردنی لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و ھیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داھاتوویدا بۆ خواست.
لە بەرانبەردا باڵیۆزی فینلاند، پێزانینی خۆی بۆ ھامەھانگیی و ھاریکاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەربڕی و خواستی وڵاتەکەی بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان نیشان دا.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پێویستیی چارەکردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ کرا و، جەخت لە گرنگیی ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی عێراق و قەوارەی دەستووری ھەرێم و ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم کرایەوە.