Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنجوومەنی وەزیران: چاوەڕێی بەغداین کۆتایی بە سیاسەتی نەناردنی مووچە بهێنێت

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ی تەممووزی ٢٠٢٥، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە ، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان ھەر دوو شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کە لە ھەولێر و بەغدا، بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان ئەنجامدران، کە تایبەت بوون بە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و بەدواداچوونی خەرجکردنی مووچەکانی ھەردوو مانگی پێنج و شەشی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە، کە ھەر پابەندییەک لە سەر ھەرێمی کوردستان بووە، بەزیادەوە جێبەجێی کردووە و ھەرێم ھەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕاندنەوەی داھاتی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ. ئێستا ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بە ھەموو شێوەیەک ئامادەیی ھاوکاریان لە گەل حکومەتی فیدڕال پێشان داوە بۆ ھەناردە کردنەوەی نەوت ئەویش لە پێناوی بڕینی ھەموو ئەو پاسا و بیانووانەی کە بەغدا بەکاریھێناون بۆ نەناردنی مووچەی موچەخۆرانی خەڵکی کوردستان.

کۆبوونەوەکە جەختی کردەوە کە ئێستا ھەموو لایەک چاوەڕێی بڕیاری حکومەتی فیدڕاڵ دەکەن بۆ پەسەندکردنی ئەو لەیەکتێگەیشتنە ھاوبەشانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوان ھەردوولا بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان ھاتووەتە ئاراوە، کە بە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت، ھیچ بیانوویەک لە بەردەم وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نامێنێت بۆ خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم، بە تایبەتیش کە ھەموو بابەتەکانی پەیوەندیدار بە لیستی مووچە و ژمارەی وەزیفیی و تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە و وردبینی ھاوبەشی ھەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و ھەرێم و بە بانکیکردنی مووچەی ھەرێم و ناردنی ڕێژەی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داھاتی ناوخۆی ھەرێم جێبەجێکراون و حکومەتی ھەرێم، بەردەوامیشە لەسەر جێبەجێکردنی ئەم پابەندییانە، بۆیە بەغدا دەبێت کۆتایی بە سیاسەتی نەناردنی مووچەی خەڵکی کوردستان بھێنێت کە مووچە، مافێکی ئاسایی و یاسایی و دەستووری مووچەخۆرانی ھەرێمە و بە ھەموو یاسا و ڕێسایەک، نابێت لەژێر ھیچ پاساوێک ، لەم مافەی خۆیان بێبەش بکرێن.

پاشان لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە خانەنشینیی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران لە ھەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە چەندین ئامار و زانیاریی و ڕاسپاردە و پێشنیاری لەخۆ گرتبوو، بە مەبەستی پاراستنی مافی کرێکاران و کارمەندانی دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت لە ڕێگەی برەودان بە سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و دابینکردنی مافی خانەنشینی بۆ کارمەندانی کەرتی تایبەت لە ھەرێمی کوردستان و چالاککردن و ڕێکخستنەوەی میکانیزمی وەرگرتنی ڕێژەی ھاوبەشی خاوەنکارەکان لە دابینکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، تا لە داھاتوودا، بخرێتەوە خزمەتی ئەو کرێکار و کارمەندانەی کە شایستەی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەبن، بۆ ئەوەی سوودمەند بن لە مووچەی خانەنشینی و شایستەکانی دیکە و ئەو ئاسانکاریی و خزمەتگوزارییانەی لە یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ھاتوون.

ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ، گفتۆگۆی لەبارەی پێشنیار و ڕاسپاردەکان کرد و بڕیاردرا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زیاتریان بۆ بکات بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.